Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بەڵێن دەدات بەخێرایی لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی دووشەممە پێشوازی لە 109 ئەندام پەرلەمانی نوێ دەکات لە پەرلەمانی بەڕیتانیا، ئەمەش دوای ئەوەی حیزبەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

دوای ئەوەی حیزبی پارێزگاران زۆرینەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا بەدەستهێنا، ئێستا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا و ڕابەری حیزبەکە بۆریس جۆنسن هەوڵدەدات ڕەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا و دواتر دەست دەکات بەکارکردن بۆ زیادکردنی بودجەی تەندروستی و خوێندن و پۆلیس.

بۆریس جۆنسن کە بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی حیزبی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا دەنگیان پێدا وتی " ڕابەرایەتی حکومەتی گەل دەکەم " و لە ئاستی پێشبینیەکانی دەنگدەراندا دەبین، ئەوەش لەڕێی جیىەجێکردنی جیابوونەوەکەوە لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرچاوەیەک لە بنکەی مانەوەی جۆنسنەوە وتی " ئەم هەڵبژاردنانە و نەوەیەکی نوێ لە ئەندامانی پەرلەمان کە لەو شارۆچکانەوە هاتوون پشتیوانیان لە حیزبی کار کردووە و ئێستا پشتیوانی لە حیزبی پارێزگاران دەکەن، یارمەتیدەر دەبن لە گۆڕینی ژیانی سیاسیمان بۆ باشتر."

سەرچاوەکە وتیشی " سەرۆک وەزیر زۆر ڕوونە لەوەدا کە ئێمە بەرپرسیارێتیەکمان لەسەر شانمان هەڵگرتووە و ئەوەش دروستکردنی داهاتوویەکی باشترە بۆ وڵاتەکەمان و پێویستە لەسەرمان لە ئاستی پێشبینییەکانی دەنگدەراندا بین، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی جیابوونەوەکەوە."

ڕۆژی هەینی حکومەت دووبارە پڕۆژە یاسای جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی بەڕیتانیا، بەڵام ڕوون نیە دەنگدانی لەسەر دەکرێت یاخود نا، چونکە دەبێت سەرۆکی نوێی پەرلەمان پەسەندی بکات.

بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ئێستا سەر بە حیزبی پارێزگارانن، واپێشبینی دەکرێت پەرلەمان پڕۆژە یاساکە لەکاتی خۆیدا پەسەند بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG