Accessibility links

هەوڵێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی سەرۆک ترامپ


واچاوەڕوان دەکرێت یاسادانەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە پرۆژە بڕیارێک تێپەڕێنن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک ترامپ بۆ باری نائاسایی بۆ سنووری باشوری وڵات.

ئەم هەوڵەی ئەنجومەنی نوێنەران کە دیموکراتەکان تیایدا زۆرینەن، واپێدەچیت پشتیوانی ڕوو لە زیادبووی لە نێوان کۆماریـیەکانی ئەنجومەنی سینات بەدەستهێنابێت.

راگەیاندنی باری نائاسایی لە 15 ی ئەم مانگە لە لایەن سەرۆک ترامپ، توانای رادەستگەیشتنی سەرۆک بە ملیاران دۆلار دەدات ، بۆ بنیاتنانی دیوارێکی سنووری لە نێوان ئەمەریکا و وڵاتی مەکسیک. ئەو بڕە بوجەیەی سەرۆک داوایکردبوو بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە زۆر زیاترە لەو 1.4 ملیار دۆلارەی کۆنگرێس بۆ بنیاتنانی بەربەستێکی سنووری تەرخانی کردبوو.

بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەی لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە دیموکراتەکان تێدا زۆرینەن بە هێندی پێویست پشتیوانیان هەیە کە بتوانن ئەو باری نائاسایـیەی سەرۆک ترامپ رایگەیاندووە هەڵبوەشێننەوە و هەروەها بە توندنی سەرزەنشتی هەوڵی سەرۆک ترامپ دەکات بۆ فراوانکردنی ئاستی دەسەڵاتەکانی.

ئەگەر پرۆژە بڕیارەکە لە کۆنگرێس تێپەڕێت و بگاتە لای سەرۆک ترامپ ، ئەوا سەرۆک ترامپ ناچار دەبێت پەنا بۆ یەکەم ڤیتۆ لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا بەرێت.

خاتو نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پارتی دیموکرات، ڕۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی گوت پێشبینی دەکرێت دەنگدانەکە لە خانەی نوێنەران پاشنیوەڕۆی سێشەممە ئەنجامبدرێت و گوتیشی ئەم دەنگدانە لە پێناو داکۆکیکردنە لە دیموکراسی وڵاتەکە.

لەلای خۆیەوە سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممە هەوڵی ڕێگریکردنی لەو پرۆژەیەی دیموکراتەکان دا و گوتی هیوادارم کۆماریەکان شوێنی سیاسەتێکی ئاسایشی لاواز و ناکاریگەر نەکەوون. ڕووی دەمیشی کردە کۆماریـیەکان و گوتی" بەهێز و ژیر بن و مەکەونە داوی دیموکراتەکانەوە."

XS
SM
MD
LG