Accessibility links

گیانلەدەستدانی 40 کۆچبەر بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەلەمێک لە کەناراوەکانی هایتی


ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاند بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لەسەر بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی هایتی لانیکەم 40 کۆچبەر گیانییان لە دەستداوە.

ڕێکخراوەکە لە زاری دەسەڵاتی کۆچی وڵاتانی کاریبییەوە بڵاویکردەوە بەلەمەکە کە زیاتر لە 80 سەرنشینی پێبووە لە فۆرت سەینت میشێلی باکووری هایتییەوە بەڕێکەوتووە و بەرەو دوورگەکانی تورکس و کایکۆس ڕۆیشتووە.

ڕێکخراوەکە وتیشی 41 کۆچبەر لە ئاگرەکە ڕزگارییان بووە و لەلایەن پاسەوانی کەناری هایتییەوە ڕزگارکراون. لە ئیستادا لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە چارەسەر و پشتیوانی وەردەگرن، یانزە کەسییان گواستراونەتەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە.

جین هێنری پیتیتی بەڕێوبەری ئۆفیسی بەرگری شارستانی لە باکووری هایتی بە میامی هیڕاڵدی وت خەڵکەکەی سەر بەلەمەکە شقارتەیان بەکارهێناوە بۆ داگیرساندنی مۆمەکان لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ داواکردن بۆ ڕێڕەوێکی پارێزراو، ئەوەش وایکردووە دەبە بەنزینەکانی سەر بەلەمەکە گڕ بگرن و بتەقنەوە.

بەڕێوبەری نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە هایتی گریگۆری گوودستین وتی " ئەم ڕووداوە ڕووخێنەرە تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی منداڵان و ژنان و ئەو پیاوانە دەبنەوە کە لە ڕێی نائاساییەوە کۆچ دەکەن."

گوودستین جەختیشی لەوە کردەوە کە توندوتیژییەکانی ناو هایتی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ناچار کردووە " پەنا ببەنەبەر ڕێوشوێنی مەترسیدار " تاوەکو لە وڵاتەکە هەڵبێن.

سەدان پۆلیسی کینیا لە ماوەی مانگی حەوتدا گەیشتوونەتە هایتی لە چوارچێوەی ئەرکێکی دواخراودا کە لە مێژە دواکەوتووە بۆ یارمەتیدانی پۆلیسی هایتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو باندە چەکدارییانەدا کە زۆربەی ناوچەکانی پۆرت ئو پرینسی پایتەختییان کۆنتڕۆڵ کردووە. ئەو توندوتیژییە بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە وڵاتەکەدا کە نزیکەی 600,000 کەسی ئاوارە کردووە و و 5 ملیۆن کەسیشی ڕووبەڕووی قەیرانی توندی نەبوونی ئاسایشی خۆراک کردووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG