Accessibility links

زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران


سەرەڕای هۆشداری هەفتەی ڕابردووی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە خراپتربوونی پەتای کۆرۆنا لە ئێران، بەڵام قەیرانی کۆڤید-19 لە ئێران بەردەوامە و هەموو ڕۆژێک ژمارەی تووشبوان و ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستدەدەن لە بەرزبوونەوەدایە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕادەگەیەنێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 5,039 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 322 کەسیش گیانیان لە دەستداوە. لە 9 مانگ لەمەوبەروە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا بڵاوبۆوە، ئەمە بەرزترین ڕێژەی مردن و تووشبونە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژێکدا لەو وڵاتە.

ڕاستی و دروستی ئەو ئامارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و چین و ڕووسیا ڕایدەگەیەنن، شوێنی گۆمانن وبە پێی بەڵگەکانی بەردەست کە لە لایەن دام و دەزگا جۆراوجۆرەکانەوە بڵاو دەبنەوە، دەکرێت بڵێین زانیاری دروست دەربارەی ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبوان و مردووان ڕاناگەیەندڕێن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و تەنانەت ناوەندی توێژینەوەی پارلمانی ئێران رایانگەیاندووە، ژمارەی ڕاستەقینەی توشبوون و مردن چەندجار زۆرترە لە ئامارە فەرمییەکانی ئێران.

ئیرەج حەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران، پاش هەشت مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 14ی ئۆکتۆبەردا دانی بەوەدانا کە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، لە نێوان 1.5 بۆ 2.2 زۆرتر لە ئەو ژمارە فەرمیانەیە کە حکومەت بڵاویان دەکاتەوە.

لە ئێستادا جگە لە سێ پارێزگای هۆرمۆزگان، فارس و گوڵستان، کە لە دۆخی ئاگادارکردنەوەدان، پارێزگاکانی دیکەش لە دۆخی سووردان کە ئاماژەیە بۆ دۆخی نالەبار و خراپی شار و پارێزگاکان.

حکومەتی ئێران هەندێ کۆت و بەندی و سنوری داناوە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەکە، لەوانە سزای نەپۆشینی دەمامک و ڕاگرتن و قەدەغەکردنی گەشتەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی لە شارەکانی ئێران. هاوڵاتیان و شارەزایان پێیان وایە ئەم چالاکییانەی حکومەت زۆر درەنگ و ناکارا بووە و بە شێوەیەکی نەشیاویش جێبەجێ کراون.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران تاکوو ڕۆژی سێشەممە 31 هەزار و 34 کەس لە کۆی 539 هەزار و670 تووشبوودا، لەو وڵاتەدا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.

XS
SM
MD
LG