Accessibility links

هاوکاتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، هاتوچۆ لە پێنج شاری سەرەکی سنوردار دەکرێت


ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند بۆ ماوەیەکی کاتیی کۆتوبەندی گەشتکردن بۆ سەر پێنج شاری سەرەکی دادەنێت لە ناویاندا تارانی پایتەختیش. ئەمەش لە کاتێکدایە ئاستی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزۆبەوە.

کیانوش جەهانپور، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، گەشتکردن چ بۆ دەرەوە یان ژوورەوەی شارەکانی تاران، کەرەج، ئەسفەهان، مەشهەد و ورمێ لە نیوەشەوی چوارشەممەی 14 ی ئۆکتۆبەرەوە تا نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ی18ی ئۆکتۆبەر قەدەغە دەکرێت.

ئامانجی ئەم سنووردارکردنە ئەوەیە بەر بە گەشتکردنی ئێرانییەکان بگرن لە کۆتایی هەفتەدا کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە تا هەینی لە ئێران بەردەوامە، هەروەها ڕۆژی شەممەش پشووی فەرمییە لەو وڵاتەدا.

ڕێژەی مردن و تووشبون بە ڤایرۆسەکە لە سەرەتای مانگی 9 وە جارێکی تر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.

جەهانپور هۆشداری ئەوەشیدا کە قەدەغەکردنی گەشتەکان بە پێی دۆخ و هەلوومەرجەکان، لەوانەیە شارەکانی دیکەش بگرێتەوە.

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا مردنی 279 کەس بەهۆی کۆڤید-19ەوە تۆمار کراوە کە ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لەوەتای ئامارە فەرمییەکان ڕاگەیەندراون.

ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 4830 حاڵەت بووە، کە بەرزترین ژمارە تۆمار کراوە تاکوو ئێستا. بە وتەی وەزارەتی تەندروستی ئێران نزیکەی نیوەی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە لە ژێرچاودێریدان.

کۆی گشتی ئەو کەسانەی بە هۆی ڤایرۆسەکەوە لە ئێراندا گیانیان لە دەستداوە، 29هەزار و 349 کەسن لە کۆی 513 هەزار و 219 حاڵەتی تووشبون. وڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە قورسترین شێوە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

ئیرەج حەریرچی وەزیری تەندروستی ڕۆژی چوارشەممە دانی بەوەدانا کە لەوانەیە ژمارەکان زۆر زیاتر بن لەو ئامارانەی کە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.

ئێران لە ڕۆژی شەممەوە لە تارانەوە، بۆ یەکەم جار دەستدەکات بە سزادانی ئەو کەسانەی یاسا و ڕێنوماییە تەندروستییەکان پێشێل دەکەن.

XS
SM
MD
LG