Accessibility links

بەرزبوونەوەی ژماری حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران


گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی وڵاتەکە ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێردا 3 هەزارو 677 حاڵەتی پشتڕاستکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون لە 450 هەزار کەس تێپەڕیوە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە نزیکیە 26 هەزار کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەست داوە.

سیما سادات لاری ڕایگەیاند تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 207 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نزیکەی تەواوی 31 پارێزگاکەی ئێراندا زیادی کردووە، بەڵام سەرۆکی وڵاتەکە حەسەن ڕۆحانی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند حکومەتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ سەپاندنی کۆت و بەندەکان و داخستنی تەواوەتی شوێنەکان سەرەڕای زۆربوونی حاڵەتەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن ڕەنگە هەندێک ڕێوشوێنی توند لە تاران و ژمارەیەک شاری تری کە بە "سوور" پۆلێن کراون بگیرێنەبەر و شوێنەکان دابخرێنەوە. سوور بەرزترین پێوەری مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە ئێراندا.

ئێران کە بەرزترین ئاماری مردنی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆمار کردووە، لە مانگی 4 دا زۆربەی شوێنەکانی کردەوە بۆ ئەوەی یارمەتی ئابووریەکەی بدات کە بە هۆی سزاکانی ئەمەریکاوە تووشی داڕمان بووە. بەرپرسانی تەندروستی بەردەوام هۆشدارییان داوە کە ئاسایکردنەوە و لانردنی سنوور و کۆت و بەندەکان لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کاربەدەستانی ئێران دەڵێن ئەو سزایانەی کە لە ساڵی 2018 دا بە سەر ئێراندا سپێندران دوای ئەوەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ئێران لەگەڵ زلهێزان کشایەوە، توانای کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنای لاواز کردوە.

XS
SM
MD
LG