Accessibility links

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و چین لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وانگ ییدا کۆدەبێتەوە.

وابڕیارە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست لەم هەفتەیەدا لە بالی ئیندۆنیسیا کۆببنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە بلینکن بەرەو ئاسیا بەڕێدەکەوێت، گەشتەکەی تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دەخایەنێت. کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وانگدا پێشبینی دەکرێت ڕۆژی شەممە بێت، لە کاتێکیشیدایە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەیەوێت باجی گومرگ لەسەر هەندێک لە شتومەکەکانی چین کەم بکاتەوە، ئەوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمەریکادا.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیری چین لیو هیدا قسەی کرد و مانگی ڕابردووش ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای چین یانگ جێیچیدا لە لۆکسۆمبۆرگ کۆبۆوە.

سەرەڕای زیادبوونی ناکۆکییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن تاوتوێی کەمکردنەوەی باجی گومرگی سەر شتومەکەکانی چین دەکات، ئەوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە وڵاتەکەدا.

کۆشکی سپی دەڵێت هیچ وادەیەکی دیاریکراو نیە بۆ بڕیارەکە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا بایدن و سەرۆکی چین شی جینپینگیش گفتوگۆ بکەن.

بڕیارە ڕۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست لە دوورگەی بالی ئیندۆنیسیا کۆببنەوە، لە مانگی یانزەشدا هەر لە ئیندۆنیسیا ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست کۆدەبنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیندۆنیسیا ڕێتنۆ مارسودیشدا کۆدەبێتەوە و سەردانی بانگکۆکیش دەکات، لەوێش لەگەڵ سەرۆک وەزیر و جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوەی تایلانددا کۆدەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت، بەڵام پێشبینی ناکرێت لاڤرۆڤ و بلینکن کۆببنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG