ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ شا عەبدوڵادا کۆبووەوە، ئەمەش دووەمین وێستگەی سەردانەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشێکی وشکانی بەرفراوان بۆ سەر غەززە و داوای لە خەڵکی غەززەش کردووە شارەکە چۆڵ بکەن و بڕۆن بەرەو باشوور.
داواکەی ئیسڕائیل بۆ چۆڵکردنی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت مەحاڵە بەبێ "دەرەنجامێکی مرۆیی ڕووخێنەر " بێت، ڕۆژێک دوای ئەوە دێت بلینکن سەردانی ئیسڕائیلی کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبووەوە و تاوتوێی ململانێکەیان کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، ئەوەش دوای هێرشەکەی گروپی چەکداری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و کوشتنی 1200 ئیسڕائیلی.
بلینکن جگە لە سەردانیکردنی ئیسڕائیل و ئوردن، سەردانی وڵاتانی کەنداو و میسڕیش دەکات، ئەمەش بە گەورەترین گەشتی دادەنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستبەکاربوونییەوە لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا.
تەنها لە ڕۆژی هەینیدا، بلینکن سەردانی سێ وڵاتی دیکە دەکات، قەتەڕ و بەحرەین و سعودیە. پێش ئەوەی بەرەو دەوحە بەڕێبکەوێت، بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسدا کۆببێتەوە.
بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەل ئەڤیڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت "لە سەرجەم ئەم گفتوگۆ و پەیوەندییانەدا، بەردەوام دەبین لە هاندانی وڵاتان بۆ یارمەتیدان لە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکە، هەروەها بەکارهێنانی دەسەڵات و کاریگەرییەکانییان لەگەڵ حەماسدا تاوەکو دەستبەجێ و بەبێ مەرج بارمتەکان ئازاد بکەن."
وتیشی "باسیش لەوە دەکەین چۆن دەتوانین بەردەوام بین لە بونیادنانی دیدێکی ڕاستەقینە بۆ ناوچەکە کە ئاشتیانەتر بێت، زیاتر خۆشگوزەرانی بێت و پارێزراوتر بێت، لە ڕاستیدا ئەوە بژاردەکەیە، بژاردەکەش بەهۆی کارەکانی حەماسەوە توندتر بووە."
بلینکن وتی واشنتن دەڵێت لانیکەم 25 ئەمەریکایی لە هێرشەکانی حەماسدا کوژراون و باوەڕوایە ژمارەیەکی زۆری دیکەیان لە غەززە بە بارمتە گیراون. جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان ستیڤ گیلین لەگەڵ بلینکندا بووە لە ئیسڕائیل و لەوێ دەمێنێتەوە بۆ یارمەتیدان لە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
ڕۆژی پێنجشەممە غەززە نزیکتربووەوە لە کارەساتێکی مرۆیی، لە کاتێکدا کە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بوو و دوابەدوای گەمارۆکەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە پێویستییەکانیش کەمبوونەوە. ئیسڕائیلیش دەڵێت هەتاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکرێن گەمارۆکە لانابات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز