لەمیانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بۆ نیو دەلهی، ئەمەریکا و هیندستان پابەندبوونی خۆیان بۆ پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانیان لەڕووی ئاسایشەوە دووپاتکردەوە.
بەهۆی ترس و نیگەرانیە هاوبەشەکانی نێوانیانەوە سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هیندستان سروشتیانە پەرەی سەندووە.
بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هیندستان سوبرامانیام جایشانکاردا وتی " چەند پەیوەندییەکی کەم هەیە لە جیهاندا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هیندستان گرنگتر بن."
دوو وەزیرەکە جەختیشیان لەوە کردەوە پێویستە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکانی ئەفغانستان بدۆزرێتەوە.
بلینکن وتی هەواڵەکانی هەفتەی ڕابردوو لەسەر کردەوە " دڕندانەییەکانی " تاڵیبان جێی نیگەرانیە و " ئاماژەیەکی باش نیە لەسەر نیازەکانی تاڵیبان لە وڵاتەکەدا."
هەروەها هۆشیاریشیدا لەسەر ئەوەی " ئەفغانستانێک کە تیایدا ڕێز لە مافەکانی خەڵکەکەی نەگرێت دەبێتە دەوڵەتێکی نەویستراو."
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستاندا و کاردەکات بۆ نزیک کردنەوەی لایەنە جیاوازەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە سەرجەم لایەنەکان دانوستانەکان بەجددیی وەربگرن.
بلینکن وتی " تاڵیبان دەڵێت بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدابنرێت، دەڵێت پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەفغانستان دەوێت. دەیانەوێت ڕابەرەکانی تاڵیبان ئازادانە بە جیهاندا گەشت بکەن، سزاکان لاببرێن. بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکە لەڕێی بەکارهێنانی هێز و سوکایەتیکردن بە مافەکانی خەڵکەکەی، ڕێگەیەک نیە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجانە. تەنها یەک ڕێگە هەیە، ئەوەش دانوستانەکانە."
لەلایەکی دیکەوە بارودۆخی ئەفغانستان بۆ بەرپرسانی هیندستان نیگەرانییەکی سەرەکییە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەکشێنەوە، بەرپرسانی هیندستان لەوە دەترسن کە ئەگەر تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکە بکاتەوە، ئەفغانستان لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە بەکاربهێندرێت.
وەزیری دەرەوەی هیندستان وتی " دەرەنجامەکان لە ئەفغانستان نابێت لە گۆڕەپانی جەنگدا بڕیاری لەسەر بدرێت."
هەروەها دوو وەزیرەکە باسیان لە هاوپەیمانێتی کوادیش کرد کە گروپێکی ئاسایشە و هەریەک لە هیندستان و ئەمەریکا و ژاپۆن و ئوستڕالیا لەخۆدەگرێت، ئەو گروپە لەلایەن چینەوە ڕەت کراوەتەوە و پێیان وایە هاوپەیمانیەکی سەربازییە دژی چین.
بەڵام وەزیری دەرەوەی هیندستان وتی " سەیر نیە گروپێک لە وڵاتان پێکەوە کاربکەن، خەڵک دەبێت ئەو بیرۆکەیە لە مێشکیدا دەربکات کە ئەو شتانەی وڵاتانی دیکە دەیکەن لە دژی ئەوان دەیکەن."
لەمیانەی سەردانەکەیدا بلینکن لە نیو دەلهی چاوی بە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە نارێندرا مۆدیش کەوت، مۆدی وتی " پێشوازی لە پابەندبوونی بەهێزیی سەرۆک جۆو بایدن دەکەم بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمەریکا و هیندستان، کە لە بەها دیموکراسییە هاوبەشەکانمانەوە سەرچاوەی گرتووە و هێزێکە بۆ باشیی سەرانسەری جیهان."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا