Accessibility links

بلینکن داوا لە ئیسڕائیل دەکات خۆی لە کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەزە بە دووربگرێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە ئیسڕائیل کرد هەنگاو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەزە، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی غەزە و ژمارەی کوژراوەکان لە نێو دانیشتوانی سڤیلی غەزەدا زیادیکرد.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت سەربازەکانی ئێستا لە غەزە لە نێو شەقام و بینا وێرانبووەکاندا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ چەکدارانی حەماسدا دەکەن، لە هەوڵیاندا بۆ لە ناوبردنی حەماس کە فەرمانڕەوایی غەزە دەکات.

بە درێژایی شەوی ڕابردوو هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی و دەریایی و زەمینییان کردە سەر غەزە، ئەوەش لە نێوەندی ئاگادارکردنەوە جیهانییەکاندا سەبارەت بە ڕووخانی خزمەتگوزاریی تەندروستی و زیادبوونی ژمارەی کوژراوان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلدا کە ئێستا 9000 کەسی تێپەڕاندووە.

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بلینکن ئەمە دووەمین جارە سەردانی ناوچەکە بکات، ئەوەش لە پێناو دەرخستنی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیلی هاوپەیمانی نزیکی، لە وەڵامی هێرشە کوشندەکەی 7 ی مانگی 10 ی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 1400 کەس و هەڵگیرسانی جەنگەکە.

پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگدا، بلینکن جەختی لەوە کردەوە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی " هەرچی لە توانایدا بێت بیکات " بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو جۆرە هێرشە جارێکی دیکە ڕوونەداتەوە.

بەڵام وتیشی " زۆر گرنگە کاتێک باس لە پاراستنی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە دەکەیت کە لە نێوەندی ئەم جەنگەی کە حەماس دروستی کردووە گیرییان خواردووە، هەموو شتێک بکرێت بۆ پاراستنییان و یارمەتی ئەو کەسانە بدرێت کە زۆر پێویستییان بە یارمەتییە، ئەوانەی کە بە هیچ شێوەیەک بەرپرس نین لەوەی کە لە 7 ی مانگی 10 دا ڕوویدا."

واشنتن داواکانی چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەوانی دیکەشی ڕەت کردووە بۆ داواکردن بۆ ئاگربەستێکی تەواو لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، بەڵام زیاتر وەستانی کاتی دەوێت لە شەڕەکەدا تاوەکو ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە غەزە و ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە ڕفێندراون بتوانرێت ئازاد بکرێن.

خۆراک و دەرمان و ئاو لە غەزە لە نەماندان، بیناکان ڕووخاون و هەزاران کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە.

ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی کە خەریکە کارەساتێکی مرۆیی دروست دەبێت لە خوێناویترین زنجیرەی ململانێ دەیان ساڵەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا.

بلینکن بۆ ماوەی کاتژمێرێکیش لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبووەوە، پێش ئەوەی هەردووکییان لەگەڵ ئەندامانی کابینە بەپەلەکەی ئیسڕائیلدا کۆببنەوە، کە دوای هێرشەکەی حەماس پێکهێندرا.

بەرپرسانی تەندروستی غەزە دەڵین لانیکەم 9,227 فەڵەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن کوژراون. ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا 1400 کەسییان کە ئیسڕائیل کوشتووە کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، زیاتر لە 240 کەسی دیکەشییان بە بارمتە گرتووە و ڕفاندوویانن بۆ غەزە.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێز و تانکەکانییان ڕووبەڕووی مینی چێندراو و بۆمبی چێندراو بوونەتەوە لە کاتێکدا کە بەرەو غەزە پێشڕەوییان کردووە. چەکدارانی حەماس سوودییان لە تۆڕە تونێلە بەرفراوانەکانییان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ و هەڵاتن.

وتیشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپهاوێژەکانی ئیسڕائیل و هێزی دەریایی وڵاتەکە شەوی ڕابردوو ئامانجەکانی حەماسییان پێکاوە، چەندین چەکدارییان کوشتووە، بە مستەفا دەلولیشەوە کە فەرماندەیەکی حەماسە و سەرپەرشتی شەڕەکەی کردووە لە غەزە. حەماس کوژرانی ئەو فەرماندەیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ئەدمیڕاڵ دانیێڵ هاگاری وتی شاری غەزە، کە شوێنی سەرەکی حەماسە، گەمارۆ دراوە.

وتی " سەربازەکان لە پێشڕەویدان، لە ماوەی پێشڕەوییەکانیاندا ژێرخانی تیرۆریستان لە سەر زەوی و ژێر زەوی لە ناو دەبەن و تیرۆریستان دەکوژن."

وتەبێژێکی دیکەی سوپای ئیسڕائیل، ڕیچارد هێخت وتی شەڕێکی ئاڵۆزی کۆڵان بە کۆڵان هەیە، " شەڕێکی زۆر نزیکە لە نێوان هێزەکانمان و چەکدارانی حەماسدا."

ئیسڕائیل دەڵێت 23 سەربازیی لە هێرشەکەدا کوژراون.

حەماس و گروپی جیهادی ئیسلامی دەڵێن چەکدارەکانییان بۆمبییان بە هێزەکانی ئیسڕائیلدا تەقاندووەتەوە و لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە نارنجۆکییان بەسەردا هەڵداونەتە خوارەوە، هەروەها هاوەن و ڕۆکێتی دژە تانکییان دژی سەربازانی ئیسڕائیل بەکارهێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG