Accessibility links

دوای بایدن بلینکن بەمەبەستی پتەوکردنی یەکڕیزی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

دوای گەشتەکەی ئەمدواییانەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەنتۆنی بلینکن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و مەبەست لە گەشتەکەی بەردەوامیدانە بە بونیادنانی بەرەیەکی یەکگرتووی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە بەرەو بەرلین بەڕێدەکەوێت، دواتریش سەردانی پاریس و ڕۆما دەکات. لە ئەڵمانیا چاوی بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ دەکەوێت و لە فەڕەنساش لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ئیمانوێل ماکرۆندا کۆدەبێتەوە. دواتریش سەردانی ڤاتیکان دەکات و بەشداری لە کۆمەڵێک کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی دەکات سەبارەت بە ئاشتی لە لیبیا و بەرەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش.

لە 29 ی مانگی شەشدا بلینکن لە شاری ماتێرای ئیتاڵیا بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست و بە ئامادەبوونی هاوتا چینییەکەی کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت. تاوەکو ئێستا ڕوون نیە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چیندا کۆدەبێتەوە یاخود نا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا پێشنیاری ئەوەی بۆ هاوپەیمانەکانی کرد پلانێکی جیهانی بەرفراوان دابنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین. لەلای خۆیەوە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند هەڵوێستی خۆی بەرامبەر زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین توندتر دەکاتەوە.

هەڵسوڕێنەری کاروباری ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فیڵ ڕیکەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەم سەردانە تەواوکەری ئەرکە سەرەکییەکانی جۆو بایدنە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا."

وتیشی " بەهێزی ئەم پەیوەندییانە بناغەی زۆرێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی دەرەوەیە، لەوانەش ڕووبەڕووبوونەوەی چین و بوژاندنەوەی ئابووری جیهان کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانی بەرکەوتووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG