وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەچوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسڕ.
مەبەست لە گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانیکردنە لە ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان کە کۆتایی بە توندترین شەڕ هێنا لەنێوان ئیسڕائیل و گروپە چەکدارییە فەڵەستینیەکانی کەرتی غەزەدا.
لە ماوەی ڕابردووشدا بلینکن لە ئۆرشەلیم لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبۆوە و دواتر لە ڕامەڵا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین مەحمود عەباسیشدا کۆبۆوە و وابڕیارە سەردانی ئوردنیش بکات.
جێی ئاماژەیە میسڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکادا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە نێوەندگریکردن بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان کە 11 ڕۆژی خایاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز