Accessibility links

دوای ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان بلینکن پەیوەندی بە ڕوسیا و چینەوە دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ هەریەک لە چین و ڕوسیادا تاوتوێی ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستانیان کرد، هاوکات ڕوسیا و چین بەخێرایی جوڵان بۆ کارکردن لەگەڵ تاڵیباندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی چین وانگ ییدا قسەی کردووە و باسیان لە ڕەوشی ئاسایشی ئەفغانستان و هەوڵەکان کردووە بۆ هێنانە دەرەوەی خەڵکەکە بە پارێزراوی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وردەکاری زیاتری نەدا، بەڵام ڕوسیا وتی بلینکن و لاڤرۆڤ تاوتوێی هەوڵەکانی مۆسکۆیان کردووە بۆ وتوێژکردن لەگەڵ هێزە سیاسییە جیاوازەکانی ئەفغانستاندا کە مەبەست لێی " یارمەتیدان بووە لە دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ئەفغانستاندا."

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوو وەزیرەکە ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە ڕاوێژکارییەکانیان بە بەشداریکردنی چین و پاکستان و سەرجەم ئەو وڵاتانەشی دەیانەوێت بەشدار بن، ئامانج لەمەش ڕەخساندنی بوارێکی گونجاوە بۆ دانوستانی نوێی ناوخۆی ئەفغانستان لەژێر بارودۆخێکی نوێدا."

دوای ئەوەی ئەمەریکا بڕیاریدا لە ئەفغانستان بکشێتەوە، ڕوسیا و چین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاڵیباندا زیاتر کرد.

ڕوسیا باڵیۆزخانەکەی لە ئەفغانستان بەکراوەیی هێشتۆتەوە و بەنیازە دانوستان لەگەڵ تاڵیباندا ئەنجام بدات.

ڕوسیا دەڵێت پێی وایە تاڵیبان " یاسا دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکە "، هاوکات چین دەڵێت پەیوەندییەکی " هاوڕێیانەی " لەگەڵ ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا دەوێت.

چین کە بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ یەک ملیۆن موسوڵمانی لە ویگۆر و کەمینەکانی دیکەی هەرێمی شینگیانگ زیندانیکردووە و ئەمەریکا ئەو هەڵمەتەی چین بە جینۆساید ناودێر دەکات، بە پەرۆشەوەیە بۆ ڕاگرتنی ئیسلامی توندڕەویی لەسەر خاکەکەی.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG