کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات و ڕابەرانی جیهان دەرفەتێکییان دەبێت بۆ پێشکەشکردنی وتارەکانییان، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە نێو ئەو سەرۆکانەدا دەبن کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆک وتار دەدەن.
دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا، ئەمە یەکەمین جارە زێلێنسکی لەو کۆبوونەوە ساڵانەییەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەربکەوێت.
زێلێنسکی لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەیەکی نیویۆرک کە چارەسەری سەربازانی ئۆکرانیای لێدەکرێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بۆ ئێمە زۆر گرنگە هاوبەشەکانمان گوێبیستی هەموو قسە و پەیامێکمان بن. "
زێلێنسکی پێش وتارەکەی وتی ئۆکرانیا پێشنیارێک دەخاتە ڕوو " لەسەر چۆنێتی پتەوکردنی بنچینەکانی سەروەری یەکپارچەیی خاک و باشکردنی تواناکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕاگرتنی دوژمنکاری."
بڕیارە زێلێنسکی ڕۆژی چوارشەممە ئامادەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و وتارێک لەسەر دۆخی ئۆکرانیا بدات. ڕووسیا یەکێکە لەو پێنج ئەندامەی ئەنجومەنەکە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکەن و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سەرەتا بە وتارێک دەست بە کۆبوونەوەکە دەکات، هەر لەو ڕۆژەدا بڕیارە سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا و سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتار پێشکەش بکەن.
ئەوانی دیکەش بریتین لە سەرۆکەکانی پۆڵەندا و کوبا و ئەفریکای باشوور و ئەرجەنتین و نایجیریا و سەنیگال.
ئامانجی کۆبوونەوەی گشتی ئەم ساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی هێنانە بە هەژاری و برسێتی و دڵنیابوونەوە لە دەستڕاگەیشتن بە وزە بە نرخێکی گونجاو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و هاندان بۆ یەکسانی ڕەگەزیی.
ئەم ئامانجانە لە ساڵی 2015 دا داندران و بڕیارە تاوەکو ساڵی 2030 بە تەواوەتی ئەنجام بدرێن. بەڵام لە ئێستادا کە نیوەی ئەو ماوەیە دەکات، بەرەوپێشچوونەکان خاون و لە هەندێک حاڵەتدا بەرەو دواوە دەڕوات.