Accessibility links

سەرۆک بایدن و سەرۆکی چین لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆدەبنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە دوای دەستبەکاربوونیەوە بۆ یەکەمین جار لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆبۆوە.

بایدن وتی " پێم وایە بەرپرسیارێتی ئێمە وەکو ڕابەرانی چین و ئەمەریکا ئەوەیە دڵنیاببینەوە لەوەی ڕکابەرییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەمان پەرە نەسەنن بۆ ململانێ."

بایدن جەختی لەوە کردەوە دوو وڵاتەکە پێویستیان بەوەیە خۆیان بەدووربگرن لە ململانێ و هەرکاتێک پێویست بکات پێکەوە کاربکەن، بۆ نموونە لە بابەتی گۆڕانی کەش و هەوادا.

لەلای خۆشیەوە شی باسی لە کۆمەڵێک لەو کێشانە کرد کە لەنێوان ئەمەریکا و چیندا هەن، هەروەکو پێشبینی دەکرا، شی بەرگری لە سەروەری خاکی وڵاتەکەی کردەوە.

شی وتی " پێویستە هەر کامێکمان سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی خۆمان بین، هاوکاتیش لە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانماندا شان بە شانی یەکتر پێکەوە کاربکەین تاوەکو پەرە بە ئاشتی جیهان بدەین. ئەمە ویستی هاوبەشی گەلی هەردوو وڵاتەکەمانە."

دوو سەرۆکەکە بۆ ماوەی 10 خولەک بە یارمەتی وەرگێڕەکانیان بە کراوەیی قسەیان کرد بەرلەوەی کۆبوونەوە داخراوەکەیان دەستپێبکات. کۆشکی سپی وتی دوو سەرۆکەکە باسیان لە کۆمەڵێک بابەت کردووە، بایدنیش ڕاشکاو دەبێت لە کۆبوونەوەکەیدا.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " سەرۆک بایدن تاوتوێی ئەو بوارانەش دەکات کە دەتوانین پێکەوە کارییان لەسەر بکەین و ئەو بوارانەشی کە دەرفەتێک هەیە تیایاندا بەرەو پێشەوە بڕۆین."

کۆبوونەوەکەی نێوان دوو سەرۆکەکە لەلایەن هەردوولاوە بە کۆبوونەوەیەکی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ ناودێرکرا، لەکاتێکدا هەردوولا هەوڵیاندا گرژییەکان کەم بکەنەوە و خۆیان لە ململانێ بەدووربگرن.

کۆبوونەوەکە وادەرکەوت هیچ ئەنجامێکی دیاریکراوی لێنەکەوێتەوە، بەڵام دەرفەتێکیدا بە دوو سەرۆکەکە تاوەکو پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ڕووبەڕووبوونەوە دووربخەنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆریای باکوور و ئەفغانستان و ئێران و بازاڕەکانی وزەی جیهان و بازرگانی و کەش و هەوا و کێشە سەربازییەکان و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، هەروەها ئەو بابەتانەی دیکەش کە دوو وڵاتەکە کۆک نین لەسەریان.

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی چین وتی سەرۆکی چین شی جین پینگ پەیوەندییەکانی دوو وڵاتەکەی بەراورد کردووە بە " دوو کەشتی گەورە کە بە دەریادا دەڕۆن و دەبێت جێگیر بکرێن تاوەکو بەریەک نەکەون."

دەزگای هەواڵی شینخوا وتی شی بە بایدنی وتووە " هیوادارم جەنابی سەرۆک بتوانیت دەسەڵاتە سیاسییەکانت بەکاربهێنێت تاوەکو سیاسەتەکەی ئەمەریکا بەرامبەر چین بگەڕێنیتەوە بۆ ئاڕاستە هۆشەکی و کردارییەکەی خۆی."

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا دوابەدوای کۆبوونەوەکە وتی " گفتوگۆیەکی تەندروستیان " ئەنجامداوە. بایدن جەختی لە گرنگیی ئەوە کردۆتەوە چین پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت لەو ڕێکەوتنە بازرگانیەدا کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ چیندا واژۆی کردووە.

چین دواکەوتووە لە کڕینی بڕی 200 ملیاری دیکە لە کەلوپەل و خزمەتگوازری ئەمەریکی، بەڵام بەرپرسانی چین وتیان شی بە بایدنی وتووە گرنگە ئەو بابەتە بە سیاسیی نەکرێت.

سەبارەت بە تایوانیش، کۆشکی سپی وتی بایدن جەختی لە پشتیوانیەکانی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ سیاسەتی " یەک چین " کە تیایدا بە فەڕمی دان دەنێت بە چیندا وەک لە تایوان. وتیشی " بە توندی دژایەتی هەوڵە تاکلایەنەکان دەکات بۆ گۆڕینی پێگەی تایوان یاخود هەڕەشەکان لەسەر ئاشتی و سەقامگیری سەرانسەری تەنگەی تایوان."

دەزگای هەواڵی شینخوا لە زاری شیەوە بڵاویکردەوە ئەوانەی لە تایوانن و ئەوانەشی لە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکەن لە هەوڵیاندا بۆ سەربەخۆیی، " یاری بە ئاگر دەکەن."

شی وتی " چین ئارامی هەیە و بە نیازێکی پاکەوە هەوڵی یەکخستنەوەیەکی ئاشتیانە دەدات، بەڵام ئەگەر جیاخوازانی تایوان کارێکی وروژێنەر یاخود هێڵی سوور ببەزێنن ئەوا ڕێوشوێنی یەکلاییەکەرەوە دەگرینەبەر."

شی دژایەتی هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم تایواندا تاوەکو ڕۆڵێکی زیاتری هەبێت لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، لەمدواییانەشدا لێدوانەکەی بایدن بۆ بەرگریکردن لە تایوان، گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی زیاتر کرد.

بایدن باسی لە کۆمەڵێک بابەتی دیکە کرد، لەوانەش چۆنێتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ تیبێت و هۆنگ کۆنگ و شینگیانگدا، کە لەو شوێنانە سیاسەتەکانی چین ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بوونەتەوە لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییە بیانیەکانەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG