Accessibility links

دەزگا هەواڵیەکان: هەفتەی داهاتوو سەرۆک بایدن و سەرۆکی چین لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆدەبنەوە


بەپێی کۆمەڵێک لە دەزگا هەواڵیەکان هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگ لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆدەبنەوە، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە زیادبووندایە.

لە مانگی 10 دا کۆبوونەوەکە لەلایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و گەورە دیبلۆماتکاری چین یانگ ژیچیدا تاوتوێکرا و بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێکەوتن لەسەری.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێت ڕێکەوتنە سەرەتاییەکە بۆ کۆبوونەوەی نێوان دوو سەرۆکەکە بەشێک بووە لە هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بۆ ململانێیەکی بازرگانی و سەربازیی.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕێکەوتنێک هەیە بۆ کۆبوونەوەیەک لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە، بەرلە کۆتایی ئەمساڵ."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وینبین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دوو وڵاتەکە لەنزیکەوە لە پەیوەندیدان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکەی سەرۆکەکانی دوو وڵاتەکە."

بلومبێرگیش لە زاری دوو کەسی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە دوو وڵاتەکە هێشتا گفتوگۆ لەسەر بەرواری کۆبوونەوەکە دەکەن.

دوایین جار دوو سەرۆکەکە لە 9 ی مانگی نۆدا پێکەوە قسەیان کرد و باسیان لە بابەتەکانی قەیرانی ئابووری و گۆڕانی کەش و هەوا و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد، لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا دوو وڵاتەکە لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوا ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد کە ئامانج لێی زیادکردنی هاریکارییەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG