سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە لە واشنتن میوانداری پاشا عەبدوڵای دووهەمی ئوردن دەکات و پێشبینی دەکرێت تاوتوێی هەوڵەکان بکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، هەروەها زیادبوونی نیگەرانییەکانیش سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە.
ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوانییان دەبێت لە دوای کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکاییەوە لە مانگی ڕابردوودا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ئوردن. بایدن بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئەو گروپە چەکدارارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.
کۆبوونەوەکە لەگەڵ پاشا عەبدوڵای دووەمی ئوردندا لە کاتێکدایە کە بایدن و یاریدەدەرەکانی کار دەکەن لەسەر وەستاندنێکی دیکەی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون. کۆشکی سپی ڕووبەڕووی ڕەخنەی عەرەبە ئەمەریکاییەکان بووەتەوە لەسەر بەردەوامی پشتیوانییەکانی واشنتن بۆ ئیسڕائیل، ئەوەش بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ژمارە زۆرەی کە لە غەززە کوژراون.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ڕۆژی یەکشەممە وتی دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆ و دیبلۆماسی، چوارچێوەیەکی کار خرایەڕوو بۆ ڕێککەوتنێک کە دەکرا تێیدا بارمتەکان ئازاد بکرێن و لە بەرامبەر ئەوەشدا شەڕەکە لە غەززە ڕابگیرێت.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، دانی بەوەدانا کە هەندێک بۆشایی ماونەتەوە بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاری لەسەر ئەو بۆشاییانە بدات. بەرپرسەکە وتی فشارە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لەم چەند هەفتەیەی دواییدا دژی حەماس لە خان یونس یارمەتیدەر بوون لەوەدا کە حەماس نزیکتر بکەنەوە لە ڕازیبوون بە ڕێککەوتنێک. ڕۆژی یەکشەممە بایدن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا باسی لەو ڕێککەوتنە پێشنیارکراوە کردووە.
بەرپرسەکە وتیشی دوو سەرۆکەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باسییان لە ئەگەری فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسڕائیل کردووە بۆ ناو ڕەفەح، وتی بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە ئەمەریکا دژایەتی هێرشی زەمینی ئیسڕائیل دەکات بۆ سەر ڕەفەح، ئەوەش بەهۆی " ڕەوشەکەی ئێستاوە " کە زیاتر لە 1.3 ملیۆن هاووڵاتی فەلەستینی لە ڕەفەحن و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.
بایدن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بە توندی دژایەتی خۆی بۆ ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە دەربڕیوە. هەفتەی ڕابردوو بایدن سەبارەت بە وەڵامە سەربازییەکەی ئیسڕائیل وتی " لە ڕادەبەدەر بووە." هەروەها ئاماژەی بەوەداوە دەبێت هەنگاوی زیاتر بگیردرێتەبەر بۆ پتەوکردنی یارمەتیە مرۆییەکان. کەناڵی 13 ی ئیسڕائیل وتی گفتوگۆکە 45 خولەکی خایاندووە.
بەرپرسەکە وتی ئیسڕائیلییەکان " ڕوونییان کردووەتەوە کە بیر لە ئۆپەراسیۆن لە ڕەفەح ناکەنەوە بەبێ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل." بەرپرسەکە وتی ئەمەریکا دڵنیا نیە لە هەبوونی پلانێکی متمانەپێکراو بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕەفەحەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
ئوردن و وڵاتانی عەرەبی ڕەخنەیان لە کارەکانی ئیسڕائیل گرتووە و هەروەها خۆیان بە دوورگرتووە لە گفتوگۆکردن لەسەر پلانە درێژخایەنەکان بۆ غەززە لە دوای جەنگ. دەڵێن دەبێت سەرەتا شەڕەکە کۆتایی بێت ئینجا دەتوانین گفتوگۆکان دەستپێبکەین. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە وڵاتانی عەرەبی داوای ئاگربەستییان کردووە لە غەززە.
بایدن پلانی هەبوو لە ماوەی گەشتەکەیدا بۆ ئیسڕائیل لە مانگی 10 دا سەردانی ئوردنیش بکات، بە ماوەیەکی کورت دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئیسڕائیلەوە بۆ ئەمەریکا، بایدن وتی یارمەتیدەر بووە لە خستنەوەی ڕێککەوتنێکدا بۆ وەستاندنی شەڕەکە بۆ ماوەیەکی کاتی و کردنەوەی خاڵی سنووری ڕەفەح تاوەکو لەو ڕێیەوە یارمەتییەکان بگەنە غەززە.
لەو کاتەوە، بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بەردەوام سەردانییان ناوچەکەیان کردووە و لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی ناوچەکەدا کۆبوونەتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا