Accessibility links

سەرۆک بایدن فەرمانی وەرگرتنی ڤاکسین دەردەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن شەش پلانی ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدانەکان بە جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە یەکێک لە ڕێوشوێنەکاندا بایدن فەرمانیکرد هاوڵاتیانی ئەمەریکا ڤاکسین وەربگرن.

بایدن فەرمانی بە 2.5 ملیۆن کارمەندی فیدڕاڵی و بەڵێندەر و کارمەندانی تەندروستی کرد ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن، فەرمانەکەی ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە کە کارمەندەکانیان لە 100 کەس زیاترن، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.

کارمەندانی حکومەتی فیدڕاڵی دەبێت هەموو هەفتەیەک پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و بیسەلمێنن کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام کارمەندانی کۆمپانیا گەورەکان هەڵبژاردنی خۆیانە هەفتانە پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە بکەن یاخود نا، بەڵام دەبێت ڤاکسینەکە وەربگرن.

هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا پێشتریش داوایان لە کارمەندەکانیان کردووە ڤاکسین وەربگرن، ئەگەرنا ئەوا کارەکانیان لەدەست دەدەن.

بایدن لە وتارێکدا وتی " ئەگەر دەتەوێت کار لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بکەیت یاخود مامەڵەی کارمان لەگەڵدا بکەیت، ئەوا ڤاکسین وەربگرە."

بایدن جەختی لەوە کردەوە مەبەست لەم هەنگاوەی پاراستنی ئەو کارمەندە ئەمەریکیانەیە کە ڤاکسینیان وەرگرتووە لەو کارمەندانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

جێی ئاماژەیە ئابووری ئەمەریکا لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشکەوتووە، بەڵام لە مانگی هەشتدا هەلی کار لە وڵاتەکەدا کەمبۆوە، بایدنیش هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و گیان لەدەستدانەکان زیاتر لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بەڵام هەندێک حاڵەتی توشبوونیش هەبووە لەنێو ئەو کەسانەدا کە چەند مانگێک لەمەوبەر ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە.

بایدن وتی " ئەمە پەتای ئەو کەسانەیە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە." ئاماژەی بەوەدا 80 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

وتی " ئەولە سەدا 25 ە دەتوانن ببنەهۆی کەوتنەوەی زیانێکی گەورە، هەر بەو شێوەیەش بووە، " ئاماژەشی بە پڕبوونی نەخۆشخانەکان و یەکەکانی چاودێری چڕدا لە وڵاتەکەدا.

زیاتر لە 177 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی لە کۆی 322 ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا ڤاکسینەکان بۆ خوار تەمەن 12 ساڵ پەسەند نەکراون.

زیاتر لە لە سەدا 62 ی دانیشتوانی ئەمەریکا لە 12 ساڵەوە بۆ سەرەوە ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام لەم هەفتانەی ڕابردوودا ڕۆژانە نزیکەی 150,000 حاڵەتی توشبوون لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە، هەروەها ڕۆژانە 1000 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیان لەدەستدەدەن.

بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە، وەکو ئەو باوەڕەی کە توشی ڤایرۆسەکە نابن یاخود پێیان وایە هیچ کەسێک ناتوانێت فەرمانیان پێبکات ڤاکسین وەربگرن، ملیۆنان ئەمەریکی هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG