کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا، کۆبوونەوەکەش لە " چەند مانگێکی داهاتوودا لە وڵاتی سێیەم " ئەنجام بدرێت.
سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە نێوان بایدن و پوتندا، سەرۆکی ئەمەریکا " نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەسەر زیادبوونی لەناکاوی هێزەکانی ڕوسیا لە کریمیا و سەر سنووری ئۆکرانیا." داواشی لە مۆسکۆ کردووە " گرژییەکان کەم بکاتەوە."
کۆشکی سپی وتی بایدن " جەختی لە پشتیوانی تەواوی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ سەروەری ئۆکرانیا و یەکپارچەیی خاکەکەی." ئەمە لەکاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێک لە بڕۆکسلە و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئۆکرانی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی و هاوپەیمانێتی ناتۆدا تاوتوێی ئەو پرسە دەکات.
بایدن جەختیشی لەوە کردۆتەوە " ئەمەریکا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات وەکو وەڵامێک بۆ هەر کردارێکی ڕوسیا، ئەمەش جگە لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و دەستوەردانەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا."
کۆشکی سپی وتیشی سەرۆکی ئەمەریکا لە هەمان کاتیشدا جەختی لە " بونیادنانی پەیوەندییەکی جێگیر " کردۆتەوە لەگەڵ ڕوسیادا، بەشێوەیەک کە " بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بپارێزێت ". بەتایبەتیش ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامبوونی " دانوستانە ستراتیژییەکان " داوە سەبارەت بە قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و بابەتە ئەمنییەکان.
بایدن پێشنیاری " کۆبوونەوەیەکی کردووە لە مانگەکانی داهاتوودا لە وڵاتی سێیەم تاوەکو تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت بکرێت." کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا پوتن پێشنیارەکەی پەسەند کردووە یاخود نا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس