Accessibility links

بایدن دەڵێت وەگرتنی ڤاکسین زۆر گرنگە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نیگەرانی خۆی دەربڕی سەربارەت بە خاوبوونەوەی وەرگرتنی ڤاکسین لە ئەمەریکادا و وتی " زۆر گرنگە " ئەمەریکیەکان بێنە پێشەوە و ڤاکسین وەربگرن و بەرگری دژی ڤایرۆسەکە دروست بکەن، کە جارێکی دیکە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

بایدن وتی قەیرانی تەندروستی ئێستا ڕووی کردۆتە ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون لە وڵاتەکەدا.

بایدن وتی " پەتایەکمان هەیە بۆ ئەوانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بابەتەکە هەر ئەوەندەیە."

سەرۆکی ئەمەریکا گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵیش دەتوانن ڤاکسین وەربگرن، بەڵام بێزاری خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی هێشتا زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی پێگەیشتوو دودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە.

بایدن لە کۆڕبەندێکی زانکۆی ماونت سەینت جۆزیفدا وتی " ئەگەر ڤاکسینەکە وەربگریت، ئەوا ناچیتە نەخۆشخانەوە، ناچیتە یەکەی چاودێری وردەوە، نامریت. بۆیە زۆر گرنگە هەموومان وەکو ئەمەریکیەک ڕەفتار بکەین کە گرنگی بە هاوڕێ ئەمەریکیەکانمان دەدەین."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەپێی داتاکانی زانکۆی جۆنز هۆپکینز حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا بۆ زیاتر لە 37,000 حاڵەت زیادیکردووە. هەروەها بەپێی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیەکانی ئەمەریکا تەنها لە سەدا 56.2 کەس لە ئەمەریکا لانی کەم یەک ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG