Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەفغانستان دەگوازرێنەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دەگۆڕێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ژمارەی ئەو کەسانەی لە کابوڵەوە دەگوازرێنەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دەگۆڕێت، ئەوەش بەپێی بارودۆخی تایبەتی و پارێزراوی ڕۆژەکە.

ڕۆژی یەکشەممە کۆشکی سپی وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 7,400 کەس لە کابوڵەوە گواستراونەتەوە، هەروەها بایدن وتی لە ماوەی 36 کاتژمێری کۆتایی هەفتەدا نزیکەی 11,000 کەس لە کابوڵەوە گواستراونەتەوە، هەروەها دەیان هەزاران کەسی دیکە چاوەڕێی دەرچوونیان دەکەن لە کابوڵ.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی بە تێکڕا ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو 25,100 کەسی گواستۆتەوە.

بایدن وتی " هەر ئەمەریکیەک کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان، دەگەڕێتەوە. هەروەها کار لەسەر گواستنەوەی هاوپەیمانە ئەفغانیەکانمان دەکەین، هەروەها ئەو هاوڵاتیە بێ دەسەڵاتانەی دیکەش تاوەکو لە وڵاتەکە بیانهێنینە دەرەوە."

بایدن وتی هیچ کام لەو فڕۆکانەی کە لە کابوڵەوە گەشت دەکەن ڕاستەوخۆ بەرەو ئەمەریکا نەهاتوون، لەجیاتی ئەوە سەرجەم گەشتەکان سەرەتا لە بنکە سەربازییەکانی کۆمەڵێک وڵاتی دیکە دەنیشنەوە، لەو بنکانەش ئەو کەسانەی کە ئەمەریکی نین پشکنینی پێشینە و ئاسایشیان بۆ دەکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی لە مانگی حەوتەوە 33,000 کەس لە کابوڵەوە گواستراونەتەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا وەکو چۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن باسی لێوەی کردووە ڕووبەڕووی " ڕەوشێکی هەڵچوو بوونەتەوە لە فڕۆکەخانەکە."

هاوکات وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بەکارهێنانی 18 فڕۆکەی مەدەنی چالاک کرد لە شەش کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمەریکیەوە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی یارمەتیدەر بن لە گواستنەوەی ئەمەریکیەکان و ئەفغانیەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی پارێزراو.

جێی ئاماژەیە ئەمە سێیەمین جارە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا فەرمانی بەکارهێنانی فڕۆکەی مەدەنی بۆ یارمەتیدانی سوپا چالاک بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG