Accessibility links

چی ڕوودەدات ئەگەر بایدن دەستبەرداری کێبڕکێی سەرۆکایەتی بێت؟

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

لە کاتێکدا کە بەخشەرە گەورەکان دوودڵن لە بەردەوامیدان لە پشتیوانیکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بایدن لە ڕووی داراییەوە و تا دێت دیموکراتی زیاتر بە ئاشکرا دەڵێن کە دەرفەتەکانی بایدن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا زۆر کەمن، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گوایە نزیک بووەتەوە لە دەستبەرداربوون لە کێبڕکێکە.

تاوەکو ڕۆژی هەینی هیچ ئاماژەیەک نەبووە نە لە هەڵمەتەکەیەوە و نە لە کۆشکی سپیشەوە لەسەر ئەوەی بایدن دەستبەرداری کێبڕکێکە دەبێت. بەڵام ئەگەر دەستبەرداری بێت ئەوا دیموکراتەکان دەبێت بڕیارێکی خێرا بدەن لەسەر ئەوەی کێ جێی بایدن دەگرێتەوە و چۆنیش.

دیارترین سیناریۆ بۆ بایدن ئەوە دەبێت پشتگیری خۆی بۆ بەربژێرێکی دیکە دەرببڕێت و داوا لە نوێنەران بکات دەنگەکانییان بدەن بەو بەربژێرە نوێیە، کاتێک نوێنەرەکان مانگی داهاتوو لە کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکاندا لە شیکاگۆی ویلایەتی ئێلینوەی کۆدەبنەوە.

لە ڕووی مێژووییەوە، نوێنەرانی کۆنگرە دەنگ بەو بەربژێرە دەدەن کە لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتەکەدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە لە ویلایەتەکاندا. نزیکەی سەرجەم 3,896 نوێنەرەکەی دیموکراتەکان بەڵێنیانداوە دەنگ بدەن بە بایدن، ئەوەش دوای ئەوەی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی دیموکراتەکاندا لە سەرجەم ویلایەتەکاندا سەرکەوتنی بە دەستهێنا. بەڵام ئەو " بەڵێنە " دەکرێت لە ژێر یاساکانی کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکاندا بگۆڕدرێت کە ڕێگە بە " ویژدانێکی باش " دەدات بۆ سووربوون لەسەر بڕیارەکانی نوێنەرەکان.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس بژاردەیەکی ماقوول دەبێت بۆ ئەوەی بە خێرایی دەنگی نوێنەرەکان وەربگرێت. جگە لەمەش هاریس یەکەمین کەسە شوێنی سەرۆکی ئەمەریکا بگرێتەوە چونکە جێگرییەتی، هەروەها لە ڕووی دارایشەوە دەتوانێت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت کە بۆ هەڵمەتەکەی بایدن کۆکراوەتەوە. بەپێی یاساکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، هاریس دەتوانێت پارەکە بەکاربهێنێت کە دەگاتە نزیکەی 91 ملیۆن دۆلار.

لە سەدا 58 ی دیموکراتەکان پێیان وایە هاریس سەرۆکێکی باش دەبێت، ئەمەش بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی ناوەندی ئەی پی نۆرکەوە بۆ توێژینەوەی کاروباری گشتی، لە سەدا 30 ڕای گشتی ئەوەیە کە هاریس سەرۆکێکی باش دەبێت. لە سەدا 43 ی هاووڵاتییانی پێگەیشتوو بە باش بیری لێدەکەنەوە، بە لە سەدا 74 ی دیموکراتەکانیشەوە.

بەڵام دیموکراتەکان ڕەنگە بیانەوێت خۆیان بە دووربگرن لە دەرکەوتنێکی نا دیموکراسی بەوەی کە دەستبەجێ هاریس بخەنە شوێن بایدن و جۆرە کێبڕکێیەک بکەن.

پارتی دیموکراتەکان کۆنگرەیەکی کراوە بەڕێوەدەبات و بەربژێرێک دەستنیشان دەکات لە نێو چەندین بەربژێردا کە دەکرێت فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا گاڤن نیوسەم و فەرمانڕەوای پێنسلڤانیا جۆش شاپیرۆ و فەرمانڕەوای جۆرجیا گریتچین ویتمەریش لە خۆبگرێت.

کۆنگرەی کراوە دەکرێت پرۆسەیەکی پڕ لە گێژاو و دابەشکاری بێت، شتێک کە دیموکراتەکان دەیانەوێت دوو مانگ پێش هەڵبژاردنەکان خۆیانی لێ بەدوور بگرن. هەروەها کاندیدکردنی کەسێکی تر جگە لە هاریس دەکرێت ببێتە هۆی توڕەبوونی ژنانی ڕەشپێست کە گروپێکی سەرەکی پشتیوانی پارتەکەن.

لاری ساباتۆی بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەت لە زانکۆی ڤێرجینیا دەڵێت بە کورتی ئەگەر سەرۆک لابچێت، دیموکراتەکان دەبێت بە خێرایی بزانن کێ جێگەی بایدن دەگرێتەوە و کێش ئەگەری سەرکەوتنی هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا.

بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەوە دەبێت هەمان کەس بێت. ئایا دەتوانن لەو کاتەدا ئەنجامی بدەن کە مۆڵەتی پێدراوە – یەک مانگە – ئەوەش پرسیارێکی دیکەیە."

دیموکراتەکان دەبێت بڕیاریش بدەن لەسەر ئەوەی کێ دەبێتە جێگری، پڕۆسەیەک کە دەکرێت وروژاندن و دووبەرەکی لە نێو پارتەکەدا دروست بکات.

بایدن لە بۆنە جیاوازەکاندا وتوویەتی کە خراپترین ئەنجامی ڕاپرسییەکان دەتوانێت وای لێبکات دەستبەرداری کێبڕکێکە بێت، یان ئەگەر " بارودۆخێکی پزیشکی هەبێت لەو کاتەدا "، یان ئەگەر " خودای مەزن بێتە دەرەوە و پێی بڵێت " دەستبەرداری کێڕکێکە بێت.

سەرۆک پێشتر لەم هەفتەیەدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە ماڵەکەی خۆی لە دیلاوێر ماوەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG