Accessibility links

سی بی ئێس: بایدن داوا لە پوتن دەکات چەکی تاکتیکی ناوەکی لە ئۆکرانیا بەکارنەهێنێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسدا داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کرد چەکی تاکتیکی ناوەکی یاخود چەکی کیمیایی لە ئۆکرانیا بەکارنەهێنێت.

هێزەکانی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا هێزەکانی ڕووسیایان ناچار کرد لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکشێنەوە، ئەمەش پوتنی خستۆتە ژێر فشاری نەتەوە پەرستەکانی ناوخۆی ڕووسیاوە.

پوتن هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی مۆسکۆ زۆر توندتر وەڵام دەداتەوە ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا فشاری زیاترییان لێبکرێت، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە لەسەر ئەوەی ڕووسیا چەکی ناوەکی بچووک یاخود چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت.

سەرۆک بایدن لە پڕۆگرامی 60 خولەکی کەناڵی سی بی ئێسدا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی چی بە پوتن دەڵێت ئەگەر پوتن بیر لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە بکاتەوە، بایدن لە وەڵامدا وتی " ئەوە مەکە، ئەوە مەکە. ئەوە مەکە. ئەوە ڕووی جەنگەکە دەگۆڕێت بە شێوەیەک کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە نەبیندراوە."

بایدن وتی وەڵامی ئەمەریکا " دەرەنجامیی " دەبێت. بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاری زیاتر بدات. وتیشی " ڕووسیا دەبێتە وڵاتێکی نەخوازراو. وەڵامدانەوەکە پەیوەست دەبێت بە فراوانی ئەو کارەوە کە ئەوان دەیکەن."

بەرپرسانی حکومەتی ڕووسیا لێدوانەکانی ڕۆژئاوایان سەبارەت بەوەی مۆسکۆ ڕەنگە چەکی تاکتیکی ناوەکی لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت ڕەت کردۆتەوە، بەڵام هێشتا ئەوە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG