Accessibility links

جۆ بایدن دەڵێت سەرۆک ترامپ خیانەتی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمەریکاش کردووە


جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ پشتکردن لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا و دەڵێت ئەمە خیانەتە.

جۆ بایدن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی دانۆڵد ترامپ هێزەکانی سوریای دیموکراتی فرۆشت و خیانەتی لە هاوپەیمانێکی سەرەکی شەڕی دژی تێرۆرستان کرد و هەروەها خیانەتی لە هێزەکانی ئەمەریکاش کرد و خیانەتی لە بەڵێنەکانمان وەک وڵاتێک کرد.

گوتیشی ئەم کارەی سەرۆک ترامپ گومان لە لای هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان دروستدەکات لەو بەڵێنە ئاسایشیـیانەی داومانە. خیانەتیشی لە ئاسایشی ئەمەریکا کرد لە ڕێگەی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی تورکیا کە شیانی هەیە وێرانکاری لێبکەوێتەوە و دۆخێک بێتە ئاراوە کە داعش تیایدا سەرهەڵبداتەوە.

ڕەخنەشی لەو لێدوانەی سەرۆک ترامپ گرت کە گوتبووی کورد لە شەڕی جیهانی دووەم و شەڕی نۆرمەندی پـێش 75 ساڵ یارمەتی نەداوین، جۆ بایدن گوتی ترامپ بەمە هەوڵ دەدات پاساو بۆ خیانەتەکەی بهێنێتەوە.

جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سەرۆک ترامپ لەم بڕیارەی ڕاوێژی بە لەشکر و دیپلۆمات و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا نەکردووە.

XS
SM
MD
LG