Accessibility links

ڕاپۆرت: بایدن داوای کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی دەکات لەبارەی دابینکردنی ڤاکسینی دژە کۆڤید بۆ وڵاتە هەژارەکان


دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەمەریکا دەڵێن پێشبینی دەکرێت سەرۆک جۆ بایدن داوای کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی بکات بۆ دابینکردنی زیاتری ڤاکسینی دژی کۆڤید-19.

دەڵێن ئەو کۆبوونەوە لوتکەییە لە میانەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا سازدەکرێت. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردبۆوە کە بابەتەکان بریتین لە هەماهەنگیکردنی رێبەرانی جیهان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تەندروستی لە ئاستی گشتیدا و چارەسەرکردنی نایەکسانی، لەوانە کەموکورتی ڕێژەی دابینکردنی ڤاکسین لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.

ئەمەریکا و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دیکە فشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی ئەو ڤاکسینانەی کۆڤید-19 کە لە خۆیان زیادە بیبەخشن بە وڵاتانی کەم دەرامەت، لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە تەواوی جیهاندا کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە، هاوکات جۆرە گۆڕاوە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە زۆر زیاتر لەوەی پـێشتر کاریگەرترە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گەیبریسیوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە داوای لە وڵاتانی دەوڵەمەند کرد هەتا کۆتایی ساڵ دەرزی سێتیەمی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لە هاوڵاتیانیان نەدەن، ئەمەش لەپێناو زامنکردنی دەستڕاگەیشتنی وڵاتانی هەژار بە ڤاکسینەکە. تێدرۆس پێشتر داوای لە وڵاتانی دەوڵەمەند کردبوو کە تا مانگی نۆ ئەم کارە نەکەن.

هەڵمەتی دەستپێشخەری هاوبەشیپێکردنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان کە بە COVAX ناسراوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات هەتا کۆتایی ساڵ نزیکەی 1.4 ملیار دەرزی کوڤید-19 دابینبکرێت، لە کاتێکدا لە مانگی شەش پـێشبینی دەکرا 1.9 ملیار دەرزی دابینبکرێت.

لەلایەکی دیکە، چاوەڕوان‌دەکرێت ئەنجومەنی پەروەردەی لۆس ئەنجلس گرتنەبەری ڕێوشێنێک پەسەند بکات بۆ کوتانی ئەو قوتابیـیانەی تەمەنیان 12 ساڵ و سەروترە بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا. بەمەش داوا لە خوێندکارەکان دەکرێت هەتا 21ی مانگی یازدە یەکەم دەرزی لە خۆیان بدەن و لە 19ی مانگی دوازدەدا دووەم دەرزی لەخۆیان بدەن بۆ ئەوەی لە وەرزی خوێندنی داهاتوودا بە تەواوەتی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت.

هەروەها ئەو ڕێکارانە ڕادەسپـێرێت ئەو قوتابیـیانەی بەشداری لە چالاکیـیەکان دەکەن هەتا کۆتایی مانگی دە هەردوو دەرزی ڤاکسینەکە وەربگرن.

ئەگەر ئەو ڕێکارانە پیادەبکرێن، لۆس ئەنجلس دەبێتە گەورەترین ناوچەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە کوتانی زۆرەملێی پیادەبکات. لۆس ئەنجلس بەوەی 600 هەزار خوێندکاری هەیە، دووەم ناوچەی ئەمەریکایە کە زۆرترین خوێندکاری لێـیە.

*هەندێک لە زانیاریەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس و ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG