Accessibility links

سەرۆک بایدن 10 بڕیار واژودەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا


سەرۆکی ئەمەریکا 10 بڕیاری واژوکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەویە پەتای کۆرۆنای کۆڤید- 19 ، ئەو ڤایرۆسەی هەتا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 400 هەزار ئەمەریکایی.

جۆو بایدن ئەمڕۆ پـێنجەشەممە و پاش ڕۆژێک لە گرتنەدەستی دەسەڵات بڕیارەکانی واژوکرد بە ئامادەبوونی کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی گەورە ڕاوێژکاری پـزیشکی سەرۆک.

بەپـێی بڕیارەکان، بەرنامەی کوتانی خەڵکی بە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڤید-19 فراونتردەکرێت بە شێوەیەک لە ئێستاوە هەتا 100 ڕۆژی دیکە 100 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە بەسەر بنکەکانی تەندروستی وڵاتەکە دابەشبکرێن.

بەڕێوەبەرایەتی پـێشووی ترامپ بەڵێنی دابوو هەتا کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو 20 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە لە خەڵکی بدرێن، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا 16.5 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە بەکارهێنراون.

لە نێو بڕیارەکان ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە دەبێت ئەو کەسانەی دێنە ناو ئەمەریکاوە کەرنتینەبکرێن. دەبێت هەموو کەسێک لە دامودەزگاکانی حکومەت و ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی دەمامک ببەستێت.

سەرۆک بایدن لە میانەی واژوکردنی بڕیارەکان، گوتی هەرچی پـێویست بێت دەیکات بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی قوتابخانەکان و شوێنەکانی کارکردن، بەڵام بە شێوەیەک سەلامەت بن بۆ خەڵکی.

لە بەشێکی قسەکانی ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی پـشوو گرت و گوتی شکستی هێنابوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەتایە. گوتیشی داوا لە کۆنگرێس دەکات پارەی زیاتر تەرخان بکات بۆ ئەوانەی لە بواری تەندروستی کاردەکەن.

سەرۆک بایدن خوازیارە کۆنگرێس 1.9 تریلیۆن دۆلار تەرخان بکات بۆ پشتیوانیکردن لە ئابوری وڵاتەکە و هەروەها پـلانەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG