Accessibility links

بایدن ترامپ بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دیموکراسی ئەمەریکا تۆمەتباردەکات


سەرۆک بایدن لە میانەی پـێشکەشکردنی وتارەکەی لە بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا، 6 ی یەکی 2022
سەرۆک بایدن لە میانەی پـێشکەشکردنی وتارەکەی لە بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا، 6 ی یەکی 2022

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە گوتارێکدا لە کۆنگرێسی ئەمەریکاوە سەرۆکی پێشخۆی، دانۆڵد ترامپی تۆمەتبارکرد بەوەی ساڵێک پێش ئێستا هەوڵی لەناوبردنی پرۆسەی دیموکراسی وڵاتەکەی دا.

لەسەر تەختێکی ڕەش لە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا، بایدن ماسکە ڕەشەکەی سەر دەمی لابرد و گوتی، "ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لەم شوێنە پیرۆزە، دیموکراسی هێرشی کرایە سەر."

بایدن مەبەستی لە ڕووداوەکانی ڕۆژی 6 ی یەکی ساڵی پار بوو کە سەدان هاندەری ترامپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس و لە ئەنجامدا لانی کەم 4 کەس کوژران و دەیان کەس برینداربوون.

لایەنگرانی ترەمپ لە گردبوونەوەیەکی سەرۆکی پێشوو ترامپەوە بەرەو کۆنگرێس بەڕێکەوتبوون. لە گردبوونەوەکەدا، ترامپ تۆمەتی بێ بنەمای دایە پاڵ بایدن و پارتی دیموکراتەکان کە گوایە بە ساختەکاری هەڵبژاردنەکەیان بردۆتەوە.

ترامپ ئەو کات گوتی، "هەرگیز دەست هەڵناگرین. هەرگیز خۆمان بە دۆڕاو دانانێن."

لێکۆڵینەوە سەربەخۆکانی دامەزراوەکانی ئەمەریکا دەریدەخەن هیچ جۆرە ساختەکارییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە هەڵبژاردنەکەدا ڕووینەدابوو و دوای ژماردنەوەی دەنگەکان لە چەند شوێنێک کە گومان لەسەریان هەبوو، بایدن وەکو براوە مایەوە.

بایدن لە گوتارەکەی ئەمڕۆدا گوتی، “خواستی خەڵک لە ژێر هێرشدا بوو. دەستوورەکەمان ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشە بووەوە… ساڵی پار بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، سەرۆکێک کە هەڵبژاردنی دۆڕاندبوو ویستی ڕێگە لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بگرێت."

بایدن قسەکانی بە گەشبینییەوە کۆتای پێهێنا، ڕوونیکردەوە بەهێزی دامەزراوەکانی وڵاتەکەی وەهایانکرد ترامپ سەرکەوتوو نەبێت لە هەوڵەکانی.

بایدن گوتی، “بەڵام شکستیان هێنا. لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، ئەم یادە دەکەینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین هێرشێکی لەو شێوەیە هەرگیز رووناداتەوە."

XS
SM
MD
LG