Accessibility links

سەرۆک بایدن ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە چەکی ئەتۆمی


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەڕەشەی " بێباک و نابەرپرسانە " بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و گوتی مۆسکۆ بە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا بنەما سەرەکییەکانی ئەندامێتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل کردووە.

سەرۆک بایدن ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گرت بەهۆی دەستپێکردنی شەڕێکی بێ هۆکارەوە دژی ئۆکرانیا کە نزیکەی 40 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن.

لە ماوەی ڕابردوودا پوتن فەرمانی بە کۆکردنەوەی سەرباز کرد بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیشی کرد.

بایدن گوتی " ئەمڕۆ دووبارە سەرۆک پوتن بە ئاشکرا هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی کرد دژی ئەوروپا، لە پشتگوێ خستنێکی بێباکانەدا لە بەرپرسیارێتییەکانی بۆ نەهێشتنی چەک."

گوتیشی " جەنگی ئەتۆمی براوەی نیە و نابێت هەرگیز هەڵبگیرسێت."

بایدن وتی هیچ کەس هەڕەشەی لە ڕووسیا نەکردووە، بە پێچەوانەوە تەنها ڕووسیا هەوڵی ململانێی داوە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا مۆسکۆ بەهاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە.

گوتی " ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوسێکەی داگیرکرد، هەوڵیدا وڵاتێکی خاوەن سەروەر لە نەخشەدا بسڕێتەوە. ڕووسیا بێ شەرمانە بنەما سەرەکییەکانی دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە."

گوتیشی " ئەم جەنگە لەسەر نەهێشتنی مافی ئۆکرانیایە بۆ بوونی وەکو دەوڵەتێک، هەروەها مافی ئۆکرانیا بۆ بوونی وەکو گەلێک. لە هەر شوێنێکیت، لە هەر شوێنێک دەژیت، باوەڕت بە هەرچییەک هەیە، ئەوە دەبێت هەستت بوروژێنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG