Accessibility links

سەرۆک بایدن و سەرۆکی ڕوسیا پەیوەندییەکی تەلەفونی سەبارەت بە گرژییەکانی ئۆکرانیا ئەنجام دەدەن


ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە تاوتوێی گرژییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە پوتن داواکارییە ئاسایشییەکانی زیاترکردووە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێمیلی هۆڕن لە بەیاننامەیەکدا پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕاگەیاند و وتی " دوو سەرۆکەکە باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکەن، لەوانەش گفتوگۆ سیاسیەکانی داهاتووی نێوان دوو وڵاتەکە."

پەیوەندییە تەلەفونییەکە لەکاتێکدایە ڕوسیا ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە و بەو کارەشی ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانن لەوەی ڕوسیا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات.

لەلای خۆیەوە ڕوسیا کۆمەڵێک داواکاری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کردووە، داوا دەکات هاوپەیمانێتی ناتۆ گرەنتیەکی یاسایی بداتێ لەسەر ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرە نەسەنێت و چالاکییە سەربازییەکانی لە وڵاتانی نزیک لە ڕوسیاوە ڕابگرێت، بەتایبەتی لە ئۆکرانیا.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا قسەی کرد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " بلینکن لەبەرامبەر زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیادا لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جەختی لە پشتیوانی نەگۆڕیی ئەمەریکا بۆ سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا کردۆتەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا پوتن ئاماژەی بەوەدا ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا شکست بهێنن لە جێبەجێکردنی داواکارییە ئاسایشیەکانیدا ئەوا تاوتوێی کۆمەڵێک بژاردەی دیکە دەکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG