Accessibility links

ئەمەریکا هاوکاری زیاتر بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتووە واشنتن بە بڕی 625 ملیۆن دۆلار یارمەتی سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات، لەو چەکانەش کە دەدرێن بە ئۆکرانیا سیستمی موشەکی هیمارسە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس سەرۆک بایدنی هێناوەتە پەیوەندییە تەلەفونییەکەوە لەگەڵ زێلێنسکیدا، سەرۆک بایدن جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەمەریکا هەرگیز دان نانێت بە لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت بایدن " بەڵێنیداوە تاوەکو پێویست بێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە بەرگری لە خۆی دەکات دژی دوژمنکارییەکانی ڕووسیا."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی یارمەتییە سەربازییەکان بریتی دەبن لە چوار سیستمی موشەکی هیمارس و 32 هاویتزەر لەگەڵ 75,000 فیشەک و 200 ئوتومبێلی دژە بۆمبی چێندراو و دژە بۆمبی چێنراوی تایبەتی کلەیمۆر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG