سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی شەممە وتی باوەڕی وایە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەو شێوازەی کە مامەڵە لەگەڵ جەنگەکەدا دەکات دژی حەماس لە غەززە " زیاتر زیان بە ئیسڕائیل دەگەیەنێت وەک لەوەی یارمەتی بدات."
سەرۆک بایدن پشتیوانی خۆی بۆ مافی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی حەماس دەربڕیوە، ئەوەش دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە. بەڵام سەبارەت بە نەتانیاهو وتی " وەکو دەرەنجامێکی ئەو کارانەی کە دەکرێن، نەتانیاهو دەبێت گرنگییەکی زیاتر بدات بە بەو خەڵکە بێتاوانانەی کە ژیانییان لە دەست دەدەن."
چەندین مانگە بایدن هۆشداریداوە و دەڵێت ئیسڕائیل مەترسی ئەوەی لەسەرە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکەی لە دەست بدات بەهۆی زیادبوونی مردنی هاووڵاتییانی سڤیلەوە لە غەززە، لە نوێترین لێدوانیشیدا لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ MSNBC دا ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتانیاهودا گرژییان تێکەوتووە.
بایدن سەبارەت بە ژمارەی کوژراوەکان لە غەززە وتی " ئەوە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە ئیسڕائیل لە پاڵیدا وەستاوە. پێشم وایە هەڵەیەکی گەورەیە."
بایدن وتی ئەگەری ڕوودانی هێرشی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە " هێڵی سوورە " بۆ ئەو، زیاتر لە 1.3 ملیۆن هاووڵاتی فەلەستینی شاری ڕەفەحییان وەکو پەناگە بەکارهێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە لە باکوور و ناوەڕاستی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە.
کاتێک سەبارەت بە ڕەفەح پرسیاری لێکرا، بایدن وتی " ئەوە هێڵی سوورە، بەڵام من هەرگیز ئیسڕائیل بەجێناهێڵم. بەرگریی ئیسڕائیل هێشتا زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی هیچ هێڵێکی سوور نیە کە ببێتە هۆی ئەوەی چەکەکان لە ئیسڕائیل بگرمەوە بۆ ئەوەی سیستمی ئایرۆن دۆمی دژە موشەکییان نەبێت بۆ پاراستنییان."
بایدن وتی ئامادەیە ڕاستەوخۆ ئەم پرسە بەرێت بۆ پەرلەمانی ئیسڕائیل، ئەوەش لە ڕێی سەردانێکی دیکەوە بۆ ئیسڕائیل. چەند هەفتەیەک دوای هێرشەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، بایدن سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.
سەرچاوە/ AP
بایدن دەڵێت نەتانیاهو زیان بە ئیسڕائیل دەگەیەنێت بە ڕێگری نەکردن لە مردنی زیاتری هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە
![](https://gdb.voanews.com/c4ba6836-ef93-4ecf-b01e-90b2f916e5e0_w250_r1_s.jpg)