Accessibility links

بایدن لەگەڵ ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوسدا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیاتلانا تیخانۆوسکایا

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیاتلانا تیخانۆوسکایا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبۆوە و باسیان لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد لە بێلاڕوس.

لە دوای کۆبوونەوەکە، بایدن لە تویتێکدا وتی " سەربەرز بووم ئەم بەیانییە لەگەڵ تیخانۆوسکایادا لە کۆشکی سپی کۆبوومەوە. ئەمەریکا لە پاڵ گەلی بێلاڕوسدا دەوەستێت لە گەڕانیاندا بەدوای دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ."

تیخانۆوسکایا وتی کۆبوونەوەکە " زۆر گەرم و گوڕ " بووە و هەستی بەوە کردەوە ئەمەریکا لە پاڵ بێلاڕوسدایە.

تیخانۆوسکایە بە دەنگی ئەمەریکای لە ڕوسیا وت " کاتێکی زۆرمان پێکەوە بەسەر نەبرد، نزیکەی پانزە خولەک، بەڵام کۆبوونەوەیکی زۆر گەرم و گوڕ بوو. پیاوێکم بینی ئەوە نەبوو ئاگاداری ڕووداوەکانی بێلاڕوس نەبێت، پەیامەکەمانم بە سەرۆک ڕاگەیاند : ئەوەی لە بێلاڕوس ڕوودەدات، ململانێیەکی جیۆسیاسیی نیە، شەڕی ئێمەیە دژی توندوتیژی، دژی نەبوونی یاسا. پێم وت ئێمە هەمان بەهامان هەیە. دواتر کاتێک کۆشکی سپیم جێهێشت دڵنیا بووم لەوەی لە ئێستا و دوای هەڵبژاردنە نوێیەکەش ئەمەریکا لەگەڵ گەلی بێلاڕوسدا دەبێت."

دوای ئەوەی سەرۆکی بێلاڕوس ئالکساندەر لوکاشینکۆ لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، بێلاڕوس ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسیی بۆوە و خۆپیشاندانی گەورە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لوکاشینکۆ بەڕێوەچوو، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواش هەڵبژاردنەکانیان بە ساختە ناودێر کرد.

تیخانۆوسکایا ڕکابەری سەرەکی لوکاشینکۆ بوو لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام دوای ئەوەی حکومەتەکەی لوکاشینکۆ هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دەستپێکرد، تیخانۆوسکایا لە وڵاتەکە هەڵهات. هەروەها داوای لە ئەمەریکا کردووە فشاری زیاتر بخاتە سەر حکومەتەکەی لوکاشینکۆ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG