Accessibility links

جۆو بایدن دەڵێت جارێکی دیکە دیپـلۆماسیەت بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە


سەرۆک جۆو بایدن دەڵێت ئەمەریکا وەک جارانی لێ‌دێتەوە و کاری دیپـلۆماسی بۆ ناوەندی سیاسەتی دەرەوەی دەگەڕێتەوە و جارێکی دیکە لەگەڵ جیهاندا کاردەکات و هاوپەیمانێتیـیەکانی چاکدەکاتەوە.

سەرۆک بایدن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ وەزارەتی دەرەوە وتارێکی لە بارەی سیاسەتی دەرەوەیی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی پـێشکەشکرد و گوتی ئەمەریکا جارێکی دیکە یەتەوە ناو مەیدانی سیاسیەتی دەرەوە و ڕۆڵی ڕێبەرایەتی خۆی دەبینێتەوە و ڕووبەڕووی پـرسەکان دەبێتەوە، لەوانە خواستەکانی چین بۆ ڕکابەریکردنی ئەمەریکا ، سووربوونی ڕووسیا لەسەر زیانگەیاندن بە دیموکراسیەتی ئەمەریکا، وە هەروەها قەیرانە جیهانیـیەکان هەر لە پەتای کۆرۆناوە هەتا تێکچوونی ژینگە و زیادبوونی کێشەی ناوەکی.

گوتیشی دەبێت دیپـلۆماسیەتی ئەمەریکا پشت ببەستێت بە بەها دیموکراسیـیەکانی ئەمەریکا و داکۆکی لە ئازادیـیەکان و مافەکان و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بکرێت.

سەرۆک بایدن باسی لە کودەتا سەربازیـیەکەی میانمار (بورما) کرد و گوتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە جیهان وتووێژی ئەنجامداوە بۆ یەکخستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕبوونەوەی کودەتا سەربازیـیەکەی بورما.

گوتیشی لەگەڵ میچ مەککۆنێڵ ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی سینات لە پەیوەندیدایە و هەردووکیان لەم بارەیەوە هاوڕان.

سەرۆک بایدن گوتی دەبێت لەشکری بورما دەستبەرداری دەسەڵات بێت و چالاکوان و کاربەدەستە دەستگیرکراوەکان ئازادبکات و بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندیکردنی تەلەفۆن و ئنتەرنێت لابەرێت و واز لە توندوتیژی بهێنێت.

سەرۆک بایدن لە بارەی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ وڵاتاندا گوتی لەم دوو هەفتەیەی ڕابردوو پەیوەندی بە ڕێبەرانی کەنەدا و مەکسێک و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ناتۆ و ژاپـۆن و کۆریای باشور و ئوسترالیا کردووە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیـیە پتەوەکانی جاران کە لەم چەند ساڵەی دوایی پشتگوێ خرابوون.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەسەر هاوپەیمانێتیـیەکانی ئەمەریکا کردەوە و گوتی ئەو هاوپەیمانێتیانە مەزنترین شتی ئەمەریکان وە ڕێبەرایەتیکردن بە دیـپـلۆماسیەت مانای ئەوەیە جارێکی دیکە لەپاڵ هاوپەیمان و هاوبەشە سەرەکیـیەکانی ئەمەریکا ببنەوە.

بەڵام گوتیشی لەگەڵ نەیار و ڕکابەرەکانی ئەمەریکاش مامەڵە دەکەن ئەگەربێت و لە بەرژەوەندی خەڵکی ئەمەریکابێت، بۆیە ئەمەریکا ڕازیبوو دوێنێ لەگەڵ ڕووسیا پەیماننامەی ستارت بۆ 5 ساڵی دیکە درێژبکاتەوە.

سەرۆک بایدن گوتیشی بە شێوەیەکی جیاواز لە سەرۆکی پـێشوو (ترامپ) بۆ سەرۆکی ڕووسیای ڕوونکردووەتەوە کە ئیدی ئەمەریکا ڕووبەڕووی کارە دوژمنکاریـیەکانی ڕووسیا دەبێتەوە، لەوانە هێرشە ئەلیکترۆنیـیەکان بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی.

باسیشی لە ئالیکسی ناڤاڵنی ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕووسیایی کرد و گوتی دەستگیرکردنی ناڤاڵنی بە مەبەستی سیاسی و هەوڵەکانی حکومەتی ڕووسیا بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیـیانە جێی نیگەرانی زۆری ئەمەریکا و کومەڵگەی نێودەوڵەتیـیە.

گوتیشی ناڤاڵنی وەکو هەموو هاوڵاتیـیەکی ڕووسیایی بەپـێی دەستوری ڕووسیا مافی هەیە، بەڵام کراوەتە ئامانج چونکە گەندەڵی ئاشکراکردووە. گوتی دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازادبکرێت.

لە بارەی ژینگە و تەندروستیـیەوە، گوتی ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ ڕێکەوتننامەی پاریس بۆ پاراستنی ژینگە و لە داهاتوودا ئەمەریکا میوانداری کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی لەم بارەیەوە دەکات و دەبێت ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە ڕێبەرایەتی جیهان بکات.

هەروەها گوتی ئەمەریکا پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستپـێکردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە تەندروستیـیەکان لە جیهان، لەوانە پەتای کۆرۆنا.

سەرۆک بایدن هەروەها باسیشی لە گرنگی وەزارەتی بەرگری کرد و گوتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری پـیاداچوونەوە دەکات بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە جیهاندا تاوەکو بە شێوەیەک بن لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بگونجێن و ئەمەش بە هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزیر بلینکن و ئۆستن دەکرێت.

گوتیشی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا ڕادەگرێت و هەوڵە دیـپلۆماسیـیەکان چڕدەکرێنەوە بە ئامانجی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی یەمەن. گوتیشی داوای لە تیمی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە پشتیوانی لە هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ سەپاندنی ئاگربەست لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا و جارێکی دیکە وتووێژەکانی ئاشتی دەستپـێبکەنەوە. گوتی دەبێت ئەو شەڕە بە کۆتایی بگات.

سەرۆک بایدن گوتی بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەو خواستە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بڕیاری دا هەموو پشتیوانیـیەکی ئەمەریکا بۆ ئۆپەراسیۆنە هێرشبەریـیەکان لە یەمەن ڕابگرێت، لەوانە ڕاگرتنی فرۆشتنی ئەو چەکانەی لەو شەڕەدا بەکاردەهێنرێن کە مەبەستی ئەو چەکانە بوو کە بە عەرەبستانی سعودیـیە دەفرۆشرێن.

بەڵام دووپاتیکردەوە ئەمەریکا پشتیوانی و هاوکاری سعودیـیە دەکات لە بەرگریکردن لە سەروەری و سەلامەتی خەڵکەکەی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران.

سەرۆک بایدن بەر لەوەی لە بارەی سیاسەتی دەرەوەیی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی وتار پـێشکەش بکات، قسەی بۆ دیپـلۆماتان و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد و گوتی:

"وا جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، ڕاستە من لەگەڵ وەزیر بلینکن بۆ ماوەیەکی درێژ پـێکەوە کارمانکردووە و دەزانم لەم ساتە گرنگ و هەستیارەدا ئەزموون و توانای هەیە ڕێبەرایەتی وەزارەتی دەرەوە بکات.

چەند ساڵی ڕابردوو کارەکان قورس بوون. کاتی خۆی لەم ناوە دەهاتم و دەڕۆیشتم کە لە کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات بووم و سەرۆکی کۆمیتەکە بووم و پاشان وەک جێگری سەرۆکی وڵات و ئێستا وەک سەرۆک، بۆیە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کارمکردووە.

ئەوانەی لێرە کاردەکەن بە دیپـلۆماتە نوێـیەکانیشەوە کە لە دوامەوەن، ئێوە لە نێو پـرشنگدارترین ئەو کەسە خوێندەوارانەن کە ئەمەریکا پـێشکەشی کردوون، بەڵام ئەمڕۆ بۆ ئێرە هاتووم هەتا لە وەزارەتی دەرەوە قسە بۆ هەموومان بکەم. هەیە ناتوانێت بمانبینێت، بەڵام دەتوانێت گوێی لێمانبێت. کۆمەڵێک دیپـلۆماتی زۆر باش هەن کە هەلی ئەوەم هەبوو کاریان لەگەڵدا بکەم، هەرگیز باسی زیرەکی و توانا هزریـیەکانیان ناکام، بەڵکو کەسایەتیـیەکی بوێرانەی گەورەشیان هەیە. لەگەڵ هەندێکتان بووم کاتێک تەقەمان لێکرا و لەگەڵ هەندێکی دیکەتاندا بووم کاتێک لە شوێنان بووین هیچ بیرۆکەیەکتان لەسەری نەبوو و نەتاندویست لەوێ بن. کاتێک چوون بۆ خوێندنی سیاسەتی دەرەوەیی و پاشان چوون خزمەت لە سیاسەتی دەرەوەیی بکەن پــێتان نەگوتراوە چی ڕوودەدات، بەڵام ئێوە کۆمەڵێکن لە کەسانی زۆر باش وە هەمیشە و بۆ چەندان ساڵە گوتوومە ئەوانەی لە دەرەوە کاردەکەن ڕووی ئەمەریکان، ئێوە ڕووخساری ئەمەریکان، ئێوە ئەو کەسانەن کە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەتانبینن کە کاریان لێدەکەن، ئێوە دەبینن، ئێوە ڕووی ئەرمەریکان و ئەمەش گرنگە و زۆر گرنگیشە چۆن ڕەفتار دەکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانە دەکەن. ئەوەشمان بیر نەچێت سوپاسی خێزانەکانتان بکەین بۆ ئەو قوربانیانەی دەیدن، بە ڕاستی قوربانیـیە نازانم چەند جار گواستراونەتەوە و هاوسەرەکانتان وازیان لە کارەکانیان هێناوە و بە دواتاندا هاتوون، ئەمەش لە پـێناو وڵاتەکەدا دەکەن و دەبێت سوپاس بکرێن.

بەڵام پەیامی سەرەکیم ئەوەی دەمەوێت بە هەمووتانی بگەیەنم ئەوەیە تۆ لە دیپـلۆماتە نوێـیەکان بیت یان لەوانەی بۆ دەیان ساڵە دیپـلۆماتن و یانیش لێرە کاربکەن، ئێوەگرنگن بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان و بەشێکی گەورەی بەهێزی وڵاتەکە بە ئێوەوە بەندە. "

XS
SM
MD
LG