Accessibility links

سەرۆک بایدن و ئەردۆغان تاوتوێی جەنگەکەی غەززە و داواکەی سوید دەکەن بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ


ئەمەریکا و تورکیا لە دوو بەیاننامەی جیادا وتییان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی جەنگەکەی ناو غەززە و داواکەی سویدییان کردووە بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

تورکیا کە پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات بۆ ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان، بە توندی ڕەخنەی لە ئیسڕائیل گرتووە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر غەززە، هەروەها داوای دەستبەجێ ئاگربەستی کردووە. هەروەها ڕەخنەی لە پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا گرتووە بۆ ئیسڕائیل، بە تایبەتی ئەمەریکا.

واشنتن کە نزیکترین هاوپەیمانی ئیسڕائیلە، چەندین جار وتوویەتی پشتگیری لە مافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ئەوەش دوای هێرشەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل. هەروەها داوای لە ئیسڕائیل کردووە دان بەخۆیدا بگرێت لە هەڵمەتە سەربازییەکەیدا خۆی بە دووربگرێت لە کوشتنی زیاتری هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە.

سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەردۆغان بە بایدنی وتووە ئەمەریکا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی هەیە بۆ خستنەوەی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە، وتیشی ئەوە دەکرێت ڕووبدات ئەگەر ئەمەریکا پشتیوانییە بێ مەرجییەکەی بۆ ئیسڕائیل کەم بکاتەوە.

سەرۆکایەتی تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە " بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ئەمەریکایە بە زووترین کات ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا بخاتەوە."

کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن "جەختی لە پشتیوانی خۆی کردووەتەوە بۆ مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی " و جەختی لە " پێویستییەکان کردووەتەوە بۆ ئاسۆیەکی سیاسیی بۆ گەلی فەلەستینی." بە تایبەتی هەوڵی فەلەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی خۆیان.

سەرۆکایەتی تورکیا وتی ئەردۆغان و بایدن تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکایان کردووە، لەوانەش پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە تورکیا.

لە مانگی 10 ساڵی 2021 دا تورکیا داوای کڕینی 40 فڕۆکەی F-16 ی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکایی و کەلوپەلی نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی کرد. بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن پشتگیری لەو فرۆشتنە دەکات کە بەهاکەی دەگاتە 20 ملیار دۆلار، بەڵام لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە دژایەتی دەکرێت، ئەوەش بەهۆی تۆماری تورکیاوە لە مافەکانی مرۆڤدا و هەروەها بەهۆی دواخستنی پەسەندکردنی داواکەی سویدەوە بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

کۆشکی سپی وتی بایدن و ئەردۆغان تاوتوێی " گرنگیی پێشوازیکردنییان کردووە لە سوید وەکو هاوپەیمانێک بە زووترین کات و پەرەدان بە کارکردنی زیاتری تورکیا لەگەڵ ناتۆدا."

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید دەستبەرداری بێلایەنییە سەربازییەکەی بوو و داوای ئەندامێتی کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەوەش لە پێناو پتەوکردنی ئاسایشی وڵاتەکەیدا. بەڵام تاوەکو ئێستا داواکەی لەلایەن تورکیا و هەنگاریاوە پەسەند نەکراوە.

ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان، ئاکیف کاگاتای کیلیچ ڕۆژی پێنجشەممە بە سی ئێن ئێنی وت هێشتا هەندێک پرس ماون کە دەبێت چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ لەلایەن یاسادانەرانی تورکیاوە پەسەند بکرێت. وتی باشترین هەلومەرج بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئەمەریکا فڕۆکەی F-16 ی شەڕکەرمان بێبفرۆشێت.

وتی " ئەوە زۆر زۆر یارمەتیدەر دەبێت لە کارەکانی پەرلەمانی تورکیادا، چونکە وەکو دەزانن ئەوان دەبێت پەسەندی بکەن. کاری لەسەر دەکرێت، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."

وتیشی هێشتا هەندێک پرس هەن ئەنکەرە " گومانی هەیە لەسەرییان "، هەروەها " بەرهەڵستکارییەکیش هەیە لە نێو یاسادانەرانی تورکیادا." هیچ ئاماژەیەکیشی بەوە نەدا کەی پڕۆسەی دەنگدان لەسەر داواکەی سوید لە پەرلەمانی تورکیادا بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG