Accessibility links

بایدن بانگهێشتی ڕابەرانی کۆنگرێس دەکات بۆ تاوتوێکردنی ئۆکرانیا و خەرجی حکومەت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ چوار ڕابەرە باڵاکەی کۆنگرێسدا ئەنجام دەدات تاوەکو داوا لە یاسادانەران بکات یارمەتیە بەپەلەکە بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل پەسەند بکەن و هەروەها خۆیان بە دووربگرن لە نزیکبوونەوەی داخستنی حکومەت لە مانگی داهاتوودا.

چوار ڕابەرەکەی کۆنگرێس بریتین لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنی کۆماریی و سەرۆکی زۆرینە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر و ڕابەری کەمینە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات هاکیم جێفریس و ڕابەری کەمینە کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک باس لە " پێویستییەکی بەپەلە " دەکات بۆ پەسەندکردنی یارمەتییەکان و پڕۆژە بڕیارێک بۆ هێشتنەوەی کراوەیی حکومەت تاوەکو کۆتایی مانگی نۆ.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا لە ژێر فشاردان بۆ پەسەندکردنی 95 ملیار دۆلار وەکو یارمەتی بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەنجومەنی سینات کە دیموکراتەکان زۆرینەن تێیدا پڕۆژە بڕیارەکەیان پەسەند کرد، بەڵام جۆنسنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕەتی کردووەتەوە پڕۆژە بڕیارەکە بخاتە دەنگدانەوە لە ئەنجومەنەکەدا.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان ڕۆژی یەکشەممە لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا وتی " ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی کە کەسێک دەتوانێت ئاڕاستەی مێژوو بچەمێنێتەوە، جۆنسنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەر ئەم پڕۆژە بڕیارە لە ئەنجومەنەکەدا بخاتە دەنگدانەوە ئەوا ئەو کاتە بە زۆرینەی دەنگ و بە بەهێزییەوە پشتیوانی لە یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا دەکرێت."

سۆلیڤان جەختی لەوە کردەوە ئۆکرانییەکان پێویستییان بە چەک و تەقەمەنی نوێیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕووسیا، وتیشی لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا لەگەڵ جۆنسن " ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت یارمەتییەکە بۆ ئۆکرانیا دابین بکات."

جیا لە پڕۆژە بڕیاری یارمەتییەکان، یەکەمین بەشی خەرجی حکومەت ڕۆژی هەینی بەسەردەچێت. خەرجی دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتی فیدڕاڵ بە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی و وەزارەتی دەرەوەشەوە لە 8 ی مانگی سێدا بەسەردەچن.

لە نامەیەکدا بۆ هاوەڵەکانی، شومەر دەڵێت هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نیە بۆ خۆبەدوورگرتن لە داخستنی بەشێکی ئەو دەزگایانەی کە خەرجییەکانییان لەم هەفتەیەدا بەسەر دەچێت، ئەوانەش وەزارەتەکانی گواستنەوە و خانووبەرە و کشتوکاڵ و کاروباریی سەربازانی خانەنشین دەگرێتەوە.

شومەر وتی " لە کاتێکدا کە هیوامان دەخواست لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پڕۆژە بڕیارێکمان دەستبکەوێت کە کاتێکی تەواو بدات بە ئەندامان تاوەکو پێداچوونەوە بە دەقەکەدا بکەن، ئێستا ڕوون و ئاشکرایە کە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کاتی زیاترییان پێویستە بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە." هەروەها داوای لە جۆنسن کرد " جارێکی دیکە هەستێتەوە و شتە ڕاستەکە بکات." ئەوەش لە ڕێی داگیرسانی گڵۆپی سەوزەوە بۆ خەرجییەکان تاوەکو حکومەتەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG