سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دووبارە وەکو پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کرد لە ئۆکرانیا، پەیماننامەکە بە ڕوونی قەدەغەی کردووە لەسەر هەر وڵاتێک بە بەکارهێنانی هێز خاکی وڵاتێکی دیکە داگیر بکات.
سەرۆک بایدن وتی " ڕووسیا باوەڕی وایە جیهان بێزار دەبێت و ڕێگەی دەدات بەبێ هیچ دەرەنجامێک ئۆکرانیا ئازار بدات. بەڵام ئەمەتان لێدەپرسم: ئەگەر دەستبەرداری بنەمای سەرەکی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بین بۆ ئەوەی دوژمنکارێک ڕازی بکەین، ئایا هیچ وڵاتێکی ئەندام هەست بەو متمانەیە دەکات کە پارێزراون؟ ئەگەر ڕێگە بدەین ئۆکرانیا هەڵبکۆڵرێت، ئایا سەربەخۆیی هیچ وڵاتێک پارێزراوە؟ وەڵامەکە نەخێرە. دەبێت ئەمڕۆ بە ڕووی ئەم دوژمنکارییەدا بوەستین تاوەکو ڕێگری لە دوژمنکارەکانی سبەینێ بیگرین."
وتیشی " لەبەرئەوەیە ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا لە سەرانسەری جیهان بەردەوام دەبین لە وەستانمان لە پاڵ گەلی ئازای ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە بەرگری لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی خۆیان و ئازادییان دەکەن."
ڕابەرانی لانیکەم 145 وڵات بەشداری کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، لەم هەفتەیەدا لە نیویۆرک. جگە لە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و چین و ڕووسیا کە لەلایەن بەرپرسانی باڵایانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەمەریکا تەنها ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە سەرۆکەکەی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.
جێی ئاماژەیە ئەمە دووەمین جارە بایدن لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا.
ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 140 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتگیری بڕیاری کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانییان کرد بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
سەرۆک بایدن دووبارە پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕووسیاوە سەرکۆنە دەکات
