Accessibility links

بایدن نیگەرانیەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە هۆنگ کۆنگ و شینگیانگ بە سەرۆکی چین ڕادەگەیەنێت


کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە یەکەمین پەیوەندی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا نیگەرانیەکانی واشنتنی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هۆنگ کۆنگ و شینگیانگ.

سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " بایدن بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی چینەوە هیوای باشی بۆ گەلی چین خواستووە."

وتیشی " سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لە نیگەرانیەکانی کردۆتەوە سەبارەت بە مامەڵە داراییە نادادپەروەرییەکانی چین و ئەو سەرکوتکردنە سیاسییەی کە لە هۆنگ کۆنگ پەیڕەوی دەکات، هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە شینگیانگ و ڕێوشوێنە توندەکان لە ناوچەکەدا، بەو ڕێوشوێنانەشەوە کە بەرامبەر تایوان گیراونەتەبەر."

بەپێی بەیاننامەکە دوو سەرۆکەکە تاوتوێی " پەتای کۆرۆنا و کێشە هاوبەشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی تەندروستی جیهانی و گۆڕانی کەش و هەوایان کردووە."

شارەزایانی بیانی جەخت لەوە دەکەنەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە موسوڵمانەکانی ویگۆر لە هەرێمی شینگیانگ لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوودا دەستگیرکراون.

لە هۆنگ کۆنگیش چین هەڵمەتەکانی سەرکوتکردنی سیاسیی زیادکردووە و چالاکەوانە دیارەکانی شارەکەی دەستگیرکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی یاسای ئاسایشی نیشتیمانی چینی بەسەر هۆنگ کۆنگدا سەپاند.

ئەم پەیوەندییە تەلەفونییەی بایدن لەگەڵ سەرۆکی چیندا چەند کاتژمێرێک دوای سەردانەکەی هات بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و تیایدا ڕایگەیاند داوای پێکهێنانی تیمێکی کاری کردووە بۆ پرسی چین و دووبارە پێداچوونەوە بە ستراتیژییە سەربازییەکاندا لەپێناو ئەو مەترسیانەی چین دروستی کردووە.

لە چاوپێکەوتنێکدا ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ڕکابەرییەکەی نێوان چین و ئەمەریکا دەگاتە " ئەوپەڕی ئاست "، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وتی دەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لە هەر " ململانێیەک " لەنێوان وڵاتەکە و چیندا.

بایدن لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن وتی " سەرۆکی چین زۆر توندە، هیچ دیموکراسیەک لە کەسایەتی ئەودا بوونی نیە، ئەوە وەکو ڕەخنەیەک ناڵێم، ئەوە تەنها ڕاستیەکەیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG