Accessibility links

بایدن لە شوێنی ڕۆژی سەرکەوتندا لە فەڕەنسا داوا لە ئەمەریکا دەکات دیموکراسی بپارێزێت


ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە ئەمەریکا کرد دیموکراسی بپارێزێت و شوێن نموونەی پاڵەوانانی جەنگی جیهانی دووەم بکەوێت، ئەمەش لە وتارێکدا لەسەر گردێکی باکووری فەڕەنسا کە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوە خوێناوییەکەی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانییەکان بوو لە ڕۆژی سەرکەوتندا.

وتارەکەی بایدن لە ڕۆژی کۆتایی مەراسیمەکاندا بوو بە بۆنەی یادی 80 ساڵەی نیشتنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نۆرماندی لە 6 ی مانگی شەشی ساڵی 1994 دا، کە خاڵی وەچەرخان بوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

بڕیارە دواتر لەم ساڵدا سەرۆک بایدن ڕووبەڕووی دانۆڵد ترامپی ڕکابەری ببێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، لە هەڵبژاردنێکدا کە شڕۆڤەکاران دەڵێن دیموکراسییەکەی ئەمەریکا دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەوە.

بایدن بانگی ڕۆحی پاڵەوانەکانی هێرشەکەی سەر پۆینت دو هۆک کرد، سەر ئەو گردەی کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشییان کردە سەر ژێرزەمینەکانی ئەڵمانییەکان.

وتی " ئەوان ' پاڵەوانەکان ' بانگمان دەکەن."

وتی " دەپرسن لێمان، چی بکەین؟ داوامان لێناکەن بەم گردانەدا سەربکەوین، داوامان لێدەکەن ڕاست بین لەگەڵ ئەو بەهایەدا کە ئەمەریکا لەسەری وەستاوە."

وتارەکەی بایدن لە ژێر سێبەری داگیرکارییەکەی ڕووسیادا دێت لە ئۆکرانیا، کە جارێکی دیکە دوای هەشتا ساڵ ئەوروپای خستەوە ناو جەنگەوە.

هەروەها ترس هەن لەسەر ئەوەی ترامپ بەشداریی ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکانی وەکو ناتۆ کەم بکاتەوە و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیاش کەم بکاتەوە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

بایدن وتی " دیموکراسی ئەمەریکا داوای قورسترین شتەکان دەکات: داوا دەکات باوەڕمان بەوە بێت کە ئێمە بەشێکین لە شتێک کە لە خۆمان گەورەترە. کەواتە دیموکراسی لەگەڵ هەر یەکێکماندا دەستپێدەکات."

بایدن وتی " ئەو سەربازانەی کە بەم گردەدا هاتنە سەرەوە نەیاندەزانی کە جیهان دەگۆڕن، بەڵام جیهانییان گۆڕی."

وتی " هاتنە سەر کەنار دەریایەک کە هیچ کامێکییان لەسەر نەخشە هەڵیان نەبژاردبوو، بەڵام هاتن، کاری خۆیان کرد، ئەرکەکەیان جێبەجێ کرد، ئەوان بەشێک بوون لە شتێک کە لە خۆیان گەورەتر بوو."

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ڕۆژئاوا کرد کاری زیاتر بکات بۆ بە دەستهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بووەتەوە، بە بایدنی وت کە کیێڤ پشتی بە پشتیوانییەکی " شان بە شانی " ئەمەریکا بەستووە.

زێلێنسکی بە پەرلەمانی فەڕەنسای وت کە هیوادارە لوتکەی ئاشتی لە سویسرا کە بڕیارە دواتر لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت و مەبەست لێی خستنەوەی ئاشتییە لە ئۆکرانیا، بتوانێت ئەم شەڕە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کۆتایی پێبهێنێت.

وتی " من سوپاسگوزاری هەمووتانم کە ئەوەی کە کردووتانە تاوەکو ئێستا زۆر بووە، بەڵام بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە، دەبێت کاری زیاتر بکرێت."

بایدن دوای وتارەکەی لە پاریس لەگەڵ زێلێنسکیدا کۆبووەوە و بەڵێنیدا پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکات و یارمەتییەکی دیکەی بە بەهای 225 ملیۆن دۆلار بۆ کیێڤ ڕاگەیاند.

بایدن بە زێلێنسکی وت " ئەمەریکا لە پاڵ ئێوەدا دەوەستێت."

بایدن ستایشی بەرخۆدانە " سەرسوڕهێنەرەکەی " ئۆکرانیای کرد دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و وتی " ئێوە چۆکتان دانەداوە، هێشتا کۆڵتان نەداوە، ئێمە دەستبەرداری ئێوە نابین."

زێلێنسکی سوپاسی بایدنی کرد لەسەر " پشتیوانییە گەورەکەی " و بەراوردی کرد بەو کاتەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئەمەریکا هات بە هانای ئەوروپاوە.

وتی " ئێمە پشتمان بە پشتیوانییە بەردەوامەکەی ئێوە بەستووە بۆ شان بە شان وەستان لە پاڵماندا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG