Accessibility links

سەرۆک بایدن یارمەتییەکی نوێی سەربازیی بە بەهای 375 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، هیرۆشیما، ژاپۆن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، هیرۆشیما، ژاپۆن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یارمەتییەکی نوێی سەربازیی 375 ملیۆن دۆلاریی بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا کرد و بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وت ئەمەریکا هەرچی لە توانایدا بێت کردوویەتی بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا.

سەرۆک بایدن لە هیرۆشیمای ژاپۆن و لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ زێلێنسکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی گروپی حەوتدا وتی یارمەتییە سەربازییەکە تەقەمەنی و تۆپهاوێژ و ئوتومبێلی زریپۆش و مەشقی تێدا دەبێت.

سەرۆک بایدن بە زێلێنسکی وت " پێکەوە لەگەڵ سەرجەم گروپی حەوتدا، پشتی ئۆکرانیا دەگرین و بەڵێن دەدەم بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆین."

کۆشکی سپی وتی بایدن لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ئامادەیی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بونیادنانی توانایەکی درێژخایەن بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی دوژمنکارییەکەی ڕووسیا.

بایدن لەوبارەیەوە باسی لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا کردووە بۆ هەوڵێکی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی هاوبەشدا بۆ پێدانی مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی نەوەی چوارەمی فڕۆکەی شەڕکەری وەکو ئێف - 16.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا وتی زێلێنسکی سوپاسی ئەمەریکای کردووە لەسەر یارمەتییە نوێیەکە، هەروەها لەسەر یارمەتییە داراییەکانیشی لە ماوەی جەنگەکەدا کە تاوەکو ئێستا گەیشتۆتە 37 ملیار دۆلار.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG