خانم بێتسی دەیڤۆسی ژنە ملیاردێر بۆ پـۆستی وەزیری پەروەردەی ئەمەریکا پەسەندکرا پاش ئەوەی مایک پـێنس جێگری سەرۆک لە ئەنجومەنی سینات پـشـتیوانی لێکرد.
ئەنجومەنی سینات ئەمڕۆ سێشەممە لە بڕیاردان لەسەر خانم بێتس دەیڤۆس 50 بە 50 بەرامبەر یەک وەستانەوە، بەڵام بەپێی دەستوری ئەمەریکا ئەگەربێت و ئەنجومەنی سینات کە لە 100 سیناتۆر پـێکهاتووە لە بڕیارێکدا نیوەی بەرامبەر نیوەکەی دیکەی بوو، ئەوا جێگری سەرۆک مافی ئەوەی هەیە دەنگی بخاتە پاڵ لایەکیان هەتا بڕیارەکە یەکلابکرێتەوە. بۆیە مایک پـنێس ئەم هەنگاوەی نا، ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکا جێگری سەرۆک ئەم دەسەڵاتەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ پەسەندکردنی وەزیرێک.
جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لە ئێستادا لە 52 سیناتۆری کۆماری و 48 سیناتۆری دیموکرات پـێکهاتووە. لەم بڕیارەی ئەمڕۆ 2 سیناتۆری کۆماری چوونە پاڵ دیموکراتەکان بۆ ڕەتکردنەوەی خانم بێتس، دەڵێن لێهاتوو نیـیە بۆ وەرگرتنی ئەم وەزارەتە.
بەڵام خانم بێتسی تەمەن 59 سـاڵ لەگەڵ دێک دەیڤۆسی هاوسەری بەشداریـیەکی زۆریان هەبووە لە پـرۆژەکانی چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بە تایبەتی لە ویلایەتەکەی خۆی" میشگن". هەروەها وەکو دوو ئەندامی کۆماری کۆمەکی باشی پارتەکەیان کردووە بە تایبەتی لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.
هەرچەندە لە ئەمەریکا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ویلایەت و شارەکاندایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی پەروەردە بودجەیەکی ساڵانەی لە بەردەستدایە کە نزیکەی 68 ملیار دۆلارە.