بەرپرسێکی تیمی ئاگرکوژێنەوە وتی لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرێکی زۆرەوە لە ناوچەیەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر لە داکای پایتەختی بەنگلادیش 70 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی مردووانیش پێدەچێت زیاتر ببێت لەکاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن دەگەڕێن بەدوای ئەو خەڵکانەدا کە هێشتا لە ناو بینا ڕووخاوەکەدان.
جێی ئاماژەیە سوتانی بیناکان لە بەنگلادیش دووبارە دەبێتەوە و هۆکاری ئەوەش نەبوونی مەرجەکانی پارێزراوییە لەو بینایانەدا کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی زولفەقار ڕەحمان بە ڕۆیتەرزی وت " هەتا ئێستا 70 لاشە دەرهێندراون. دەکرێت ئەو ژمارەیە زیاتر ببێت چونکە هێشتا گەڕانەکان بەردەوامن."
جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە بینایەکی چوار نهۆمی ئاگری تێدا کەوتەوە و بەخێرایی پەرەی سەند بۆ بیناکانی تەنیشتی لە ناوچەی چوک بازاڕ لە داکای کۆن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 300 ساڵ لەمەوبەر.
ڕەحمان وتی بەلایەنی کەمەوە 50 کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەندێکیان لەبارودۆخێکی خراپدان.
هەروەها نزیکەی 200 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بۆ زیاتر لە پێنج کاتژمێر کاریان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەڵام هەتاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ئاگرەکە بەردەوام بووە.
ڕەحمان وتیشی لێکۆڵینەوە دەکرێت سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2013 دا ڕووخانی کارگەی ڕانا پلازا بووە هۆی گیان لەدەستدانی 1100 کرێکار و لە ساڵی 2012 دا ئاگرێک لە کارگەی دروستکردنی جلوبەرگ کەوتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 112 کەس.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز