Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ بێن کارسۆن بۆ پـۆستی وەزیری نیشتەجێ و ئاوەدانکردنەوە دەسـتنیشان دەکات


سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا کەسایەتیـیەکی کۆماری بۆ پـۆستی وەزیری نیشتەجێ و ئاوەدانکردنەوە دەسـتنیشانکردووە کە لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکان یەکێک بوو لە ڕکابەرەکانی.

دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێگەی تویتەر و فەیسبوکەکەی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی " زۆر خۆشحاڵم بە دەسـتنیشانکردنی دکتۆر بێن کارسۆن تاوەکو ببێتە وەزیری نیشتەجێ و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان."

هەروەها نووسیویەتی زۆر لە بارەی پـلانی نوژەنکردنەوە و گەشەپـێدانی ئابوری شار و شارۆچکەکان وتووێژیان کردووە، بە تایبەتی لە بارەی ئەو ناوچانەی کێشە و گرفتیان هەیە.

دکتۆر بێن کارسۆن لای خۆیەوە گوتویەتی "پاش وتووێژکردن لەگەڵ تیمی گواستنەوەی دەسەڵاتی تایبەت بە ترەمپ، هەست دەکەم کە دەتوانم شتێـکی نوێ پـێشکەش بکەم بۆ ئەوەی شارەکانمان بۆ هەموومان مەزنتر بکەم."

جێی ئاماژەیە دکتۆر بێن کارسۆنی تەمەن 65 ساڵ، یەکێک بووە لە باشترین پـزیشکەکانی نەشتەرگەری مێشک، بەڵام لە ئێستادا خانەنشینە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵ خۆی وەکو کۆماریـیەک کاندیدکرد، بەڵام لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکاندا پشـتیوانی پـێویستی لێ نەکرا و کشایەوە.

XS
SM
MD
LG