Accessibility links

بەلجیکا لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکات کە گوایە چەکەکانی لە ڕووسیا بەکارهێندراون


ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری بەلجیکا ئالیکساندەر دی کروو وتی بەلجیکا داوای ڕوونکردنەوە لە ئۆکرانیا دەکات لەسەر ئەو هەواڵانەی کە گوایە ئەو تفەنگانەی کە لە بەلجیکا دروستکراون لەلایەن هێزە لایەنگرەکانی ئۆکرانیاوە بەکارهێندراون بۆ شەڕکردن دژی هێزەکانی ڕووسیا لە ناو خاکی ڕووسیادا.

ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە شەڕکەرەکانی دژ بە کرێملن کە مانگی ڕابردوو لەمدویوی سنووری ئۆکرانیاوە هێرشییان کردۆتە سەر هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕۆژئاوای ڕووسیا، ئوتومبێلی تەکتیکییان پێبووە کە لەلایەن ئەمەریکا و پۆڵەنداوە دراون بە ئۆکرانیا و هەروەها ئەو تفەنگانەی پێیان بووە کە لە بەلجیکا و کۆماری چیک دروست کراون.

دی کروو بە ڕادیۆی 1 ی بەلجیکای وت " وەزارەتی بەرگری و دەزگاکانی هەواڵگریمان دەستییان کردووە بە لێکۆڵینەوەیەک و داوای زانیاری دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی لە ڕاستیدا چی ڕوویداوە."

وتی " چەکە ئەوروپییەکان بەو مەرجە دراون بە ئۆکرانیا کە لەسەر خاکی ئۆکرانیا و بە مەبەستی بەرگریکردن لە خاکی خۆیان بەکاربهێندرێن. ڕێوشوێنی توندیشمان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی لەوە دڵنیاببینەوە."

دی کروو ڕەتی کردەوە ئاماژە بە دەرەنجامەکان بدات ئەگەر ئەو هەواڵانەی پشتڕاست بکرێنەوە.

وتی " نابێت لێرەدا پێش ڕووداوەکان بکەوین. بەڵام شیکاری بۆ دۆخەکە دەکەین و ئەمە زۆر بە جددی وەردەگرین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG