Accessibility links

سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا کە لە وڵاتەکەیدا جێگیر کراون، هەرگیز بەکارناهێندرێن


سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ
سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ

سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆی هاوپەیمانی نزیکی کرێملن لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا، وتی دڵنیایە لەوەی ئەو چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییانەی ڕووسیا کە لە وڵاتەکەیدا جێگیر کراون هەرگیز بەکارناهێندرێن.

لوکاشینکۆ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دانییان بەوەدا ناوە کە هەندێک لە چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکان گەیشتوونەتە بێلاڕووس و ئەوەی کە ماوەتەوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ڕەوانەی بێلاڕووس دەکرێن.

لوکاشینکۆ لە ماوەی وتارەکەیدا بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژی نیشتیمانییەوە وتی جێگیرکردنی چەکەکان لە بێلاڕووس " دەستپێشخەری من بووە."
وتی " بە تێپەڕبوونی کات زیاتر و زیاتر باوەڕمان بەوە کرد کە دەبێت ئەو چەکانە لێرە جێگیر بکرێن، لە بێلاڕووس، لە شوێنێکی متمانەپێکراودا."

وتیشی " من دڵنیام لەوەی هەرگیز ناچار نابین بەکارییان بهێنین لە کاتێکدا کە لێرەن. هیچ دوژمنێکیش هەرگیز پێ ناخاتە خاکەکەمانەوە."

لوکاشینکۆ هاوشێوەی ڕووسیا چەندین جار وڵاتانی ڕۆژئاوای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لە ناوبردنی وڵاتەکەی و دەڵێت ڕەوانەکردنی چەکە ئەتۆمییەکان پێویستن بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری هەر دوژمنکارییەک.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وتی هەندێک لەو چەکانە لە بێلاڕووسن و ئاماژەی بەوەدا دوودڵ نابێت لە بەکارهێنانییان ئەگەر پێویست بکات، هاوکات وتیشی ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕووسیادا پێویست دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG