Accessibility links

هەزاران کەس دژی سەرۆکی بێلاڕوس خۆپیشاندان دەکەن


ڕۆژی یەکشەممە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی بێلاڕوس و دووبارە داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆیان کرد.

بەپێی پەیامنێرانی فرانس پرێس خۆپیشاندانەکانی ئێستای مینسکی پایتەختی بێلاڕوس دابەش بووە، هەندێکیان هەزاران کەسن و هەندێکی تریان سەدان کەس.

ڕێکخراوی ڤیاسنای بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا زیاتر لە 30 کەس لە خۆپیشاندانەکانی مینسک و شارەکانی دیکەی بێلاڕوس دەستگیرکراون.

بەپێی پەیامنێرانی فرانس پرێس پۆلیسی وڵاتەکە لە شەقامەکانی مینسک بڵاوکراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلیان پێیە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە و ڕۆژئاوا دەڵێن هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوس کە لە مانگی هەشتدا بەڕێوەچوو ساختەکاری تێدا کراوە و نەدەبوو سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ دووبارە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە.

لوکاشینکۆی تەمەن 66 ساڵلە ساڵی 1994 ەوە سەرۆکی بێلاڕوسە و لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەلای خۆیەوە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆسکایە کە ئێستا لە لیتوانیایە لە وتارێکدا وتی " جیهان هەمووی خۆپیشاندانەکانی بێلاڕوس دەبینن، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، هەمووان پشتیوانیمان لێدەکەن."

وتیشی " هەر خۆپیشاندانێک کە دەکرێت بە درۆخستنەوەی حکومەتە کە دەڵێت خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێهاتووە."

بەڵام لە ڕۆژی یەکشەممەوە، بەرپرسانی بێلاڕوس قەدەغەکردنی گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاگەیاندووە، ئەوەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG