Accessibility links

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس هەوڵی زیادکردنی فشارەکانی سەر لوکاشینکۆ دەدات


ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا
ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگای هەواڵی فرانس پرێس وتی بەنیاز نیە شەڕەکەی دژ بە حکومەتەکەی ئالیکساندەر لوکاشینکۆ ڕابگرێت، هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد فشارەکانی بۆ سەر ڕژێمەکەی بێلاڕوس چڕتر بکاتەوە.

لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە کە بە سەرکەوتنی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ کۆتایی هات، هاوڵاتیانی وڵاتەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک دژی لوکاشینکۆ خۆپیشاندانیان کرد.

ڕکابەرە سیاسییەکانی لوکاشینکۆ و خۆپیشاندەران دەڵێن ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامدراوە و نەدەبوو لوکاشینکۆ دووبارە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرێتەوە، هەروەها دەشڵێن تیخانۆڤسکایا براوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەکان بووە.

وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکان، هێزەکانی ئاسایشی بێلاڕوس هەڵمەتێکی توندی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دەستپێکرد، لە هەڵمەتەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران و ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە ناچار کران بێلاڕوس جێبهێڵن.

تیخانۆڤسکایا کە لە ئێستادا لە لیتوانیا دەژی وتی " ئێمە باوەڕمان وایە ئەم ڕژێمە لە قۆناغێکدا دەڕووخێت، چونکە ئەو فشارانەی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا لەسەریەتی هێندەی ئەو فشارانەیە کە لە دەرەوەی وڵاتەکەدا خراونەتەسەری."

وتیشی " کاتێک دێت چیتر ناتوانێت خۆی بەدووربگرێت لە دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ هاتنە دەرەوە لەم قەیرانە گەورەیە."

جەختیشی لەوە کردەوە " دەبێت فشارەکان زیاد بکرێن."

ڕۆژی هەینی بێلاڕوس داوای لە لیتوانیا کرد تیخانۆڤسکایا ڕادەست بکەن تاوەکو " بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی ڕژێمەکە و پارێزراوی گشتی دادگایی بکەن." لەلای خۆیەوە لیتوانیا بەزووترین کات ئەو داوایەی ڕەت کردەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هەست بە پارێزراوی دەکات لە ئەوروپا، تیخانۆڤسکایا وتی " لە یەکێتی ئەوروپادا هەست بە پارێزراوی دەکەم ."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG