وەزیری دەرەوەی بێلاڕوس دەڵیت وڵاتەکەی قەدەغەکردنی گەشت بەسەر بەرپرسانی باڵای لاتیڤیا و لیتوانیا و ئیستۆنیادا دەسەپێنێت، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەیەک لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی ئەو وڵاتانە گرتوویانەتەبەر دژی بەرپرسانی بێلاڕوس.
دوای سێ هەفتە لە دروستبوونی قەیرانی سیاسیی لە بێلاڕوس بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان وایە حکومەتی بێلاڕوس ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا کردووە، حکومەتەکەی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ و ڕوسیا بەتوندی وەڵامی ڕەخنەکانی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکەیان داوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی بێلاڕوس ڤلادیمێر ماکی وتی وڵاتەکەی بڕیاریداوە سزا بەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی لاتیڤیا و لیتوانیا و ئیستۆنیادا بسەپێنێت.
وتیشی ئەم هەنگاوە وەکو وەڵامدانەوەیەکە بۆ سزاکانی ئەو سێ وڵاتە کە تیایدا قەدەغەکردنی گەشتیان بەسەر لوکاشینکۆ و 29 بەرپرسی بێلاڕوسدا سەپاندووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز