Accessibility links

بێلاڕوس خێمەی کۆچبەران لەسەر سنوور لادەبات، بەڵام قەیرانەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە


بەرپرسانی بێلاڕوس خێمە سەرەکیەکانی کۆچبەرانیان لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و پۆڵەندا لابرد، ئەم هەنگاوەش پێدەچێت لەو گرژییانە کەم بکاتەوە کە لەم هەفتانەی دواییدا بەهۆی کۆچبەرانەوە لەنێوان بێلاڕوس و یەکێتی ئەوروپادا دروستبوو.

دەزگای هەواڵی بێلتای بێلاڕوس لە زاری وتەبێژی سەرۆکی بێلاڕوسەوە بڵاویکردەوە بێلاڕوس دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا 2000 کۆچبەر وەربگرێت و خۆشی 5000 کۆچبەری دیکە ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکاتەوە، ئەوەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و پۆڵەندا.

وتەبێژەکە وتی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ تاوتوێی ئەم پێشنیارەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵدا کردووە و مێرکڵیش ڕازیبووە لەسەر ئەوەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا تاوتوێی ئەو پێشنیارە بکەن.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست سیهۆفر پێشنیارەکەی لوکاشینکۆی ڕەت کردەوە و وتی " ئەگەر پەنابەران وەربگرین، ئەگەر چۆک بۆ فشارەکان دابدەین و بڵێین کۆچبەران لە ناو یەکێتی ئەوروپادا وەردەگرین، کەواتە ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە ئەم ستراتیژییە ناپاکییە جێبەجێ دەکەین."

سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ئەڵمانیا هێشتا هیچ ڕێکەوتنێکی واژۆ نەکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە ئەوە کێشەی یەکێتی ئەوروپایە و ئەڵمانیا بە تەنها بڕیار نادات.

لەلای خۆشیەوە کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی هیچ دانوستانێک لەگەڵ بێلاڕوسدا سەبارەت بە کۆچبەران ڕوونادات.

وتەبێژێکی یەکێتی ئەوروپا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر پێشنیارەکە بدات و وتی " هەڵوێستی خۆمان بە ڕوونی ڕاگەیاندووە، ئەمە قەیرانێکی دەستکردە، قەیرانێکە وڵاتێک پلانی بۆ داڕشتووە و بەرپرسیارێتی ڕژێمەکەی لوکاشینکۆیە ڕایبگرێت و چارەسەری بکات."

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا مینسکی تۆمەتبار کردووە بەوەی " لە هەوڵەکانیدا بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە کۆچبەران وەکو سەربازی شەتڕەنج بەکاردەهێنێت." ئاماژەشی بەوەدا گرژییەکانی نێوان بێلاڕوس و ڕۆژئاوا جارێ زۆری ماوە تەواوبێت.

وڵاتانی ئەوروپا سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی هانی هەزاران کۆچبەریداوە کە زۆرینەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون بەشێوەیەکی نایاسایی سنووری یەکێتی ئەوروپا ببەزێنن، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە سزاکانی یەکێتیەکە کە پێشتر سەپاندوویەتی بەسەر بێلاڕوسدا. بێلاڕوس ڕەتی دەکاتەوە بەمەبەست کۆچبەرانی لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و پۆڵەندا کۆکردبێتەوە.

وتەبێژێکی هێزەکانی پۆڵەندا لەسەر سنوورەکە وتی خێمەکانی سەر سنوورەکە لە ڕۆژئاوای بێلاڕوسەوە بەتەواوەتی چۆڵ بوون. دەزگای هەواڵی بێلتای بێلاڕوس ئاماژەی بەوەدا کۆچبەران لە سنوورەکە دوورخراونەتەوە بۆ عەمارێک.

وتەبێژی هێزەکانی پۆڵەندا وتی " ئەم خێمانە ئێستا چۆڵن، پێدەچێت کۆچبەران برابێتن بۆ ناوەندێکی لۆجیستکی گواستنەوە، کە دوور نیە لە خاڵی سنووری بروزگیەوە."

وتیشی " هیچ خێمەیەکی دیکەی لەو شێوانە نەبووە، بەڵام چەند گروپێک هەبوون لە شوێنەکانی دیکەوە دەردەکەوتن و هەوڵیاندەدا لە سنوورەکە بپەڕنەوە. بزانین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چی دەبێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا بەردەوام سەنگ دەخاتە سەر کێشەی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان بێلاڕوس و یەکێتی ئەوروپا.

بلینکن وتی " جێی قبوڵکردن نیە کە لوکاشینکۆ و بێلاڕوس هەوڵیاندا کۆچ وەکو چەک بەکاربهێنن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG