وەزیری دادی ئەمەریکا ویلیام باڕ ڕەخنەی لە کۆمپانیاکانی هۆڵیوود و کۆمپانیاکانی دیکەی بواری تەکنەلۆجیا گرت لەسەر ئەوەی هاریکاری لەگەڵ چیندا دەکەن.
هەریەک لە کۆمپانیاکانی واڵت دیزنی و ئاپڵ و گووگڵ و مایکرۆسۆفت لەنێو ئەو کۆمپانیایانەدا بوون کە ویلیام باڕ بە تۆمەتی هاریکاریکردن لەگەڵ چیندا تۆمەتباری کردن.
باڕ وتی " کۆمپانیاکانی وەکو گوگڵ و مایکرۆسۆفت و یاهو و ئاپڵ هەموویان ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ هاریکاریکردن لەگەڵ ( حیزبی شیوعی چیندا )." ئەوەشی خستەڕوو " هۆڵیوودیش چۆکی بۆ فشارەکان دایاوە و چاودێری سەپاندووە بەسەر فیلمەکانیدا تاوەکو حیزبی شیوعی چین لە خۆی ڕازی بکات."
باڕ وتیشی " پێم وایە واڵت دیزنی توشی نائومێدی دەبێت ئەگەر ببینێت ئەو کۆمپانیایەی کە دروستیکرد ئێستا مامەڵە لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆرە بیانیەکاندا دەکات. "
باڕ ڕەخنەیەکی توندی لەو کۆمپانیا ئەمەریکیانە گرت کە ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیاریکراوە تاوەکو بچنە بازاڕە گەورەکانی چینەوە.
باڕ وتی " حیزبی شیوعی چین بۆ چەند ساڵ و چەند سەدە بیر دەکاتەوە لەکاتێکدا ئێمە تەنها بیر لە قازانجی چوار مانگی داهاتوومان دەکەینەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز