Accessibility links

وەزیری دادی ئەمەریکا دەڵێت هیچ ساختەکاریـیەک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەدی نەکراوە


وەزیری دادی ئەمەریکا دەڵێت هیچ ساختەکاریـیەک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدی نەکراوە کە شیانی هەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت.

ولیەم باڕ ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباس ئەسۆشیەتد پـرێس گوتی داواکارانی گشتی و دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بەداداچوونی خۆیان دەکەن بۆ ئەو سکاڵا و زانیاریـیانەی پـێـیانگەیشتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە شیانی هەبێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە بگۆڕێت.

گوتیشی" هەتا ئێستا هیچ ساختەکاریـیەکمان بەدی نەکردووە کە لەوانەی کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هەبێت."

سەرۆک ترامپ و تیمی پارێزەرانی بە سەرۆکایەتی ڕوودی جولیانی دەڵێن دیموکراتەکان ساختەکاریـیەکی گەورەیان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و بە ملیۆنان دەنگی نایاسایـیان هەبووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەک بەدی نەکراوە ئەم قسەیە پشتڕاستبکاتەوە.

سەرەڕای ئەم لێدوانەی وەزیری داد، بەڵام سەرۆک ترامپ هێشتا سوورە لەسەر هەڵوێستی کە پـێیوایە جۆو بایدن بە ساختەکاری هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە، بۆیە دان بە سەرکەوتنی بایدن نانێت و بەردەوامە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە دەڵێت ساختەکاری کراون.

XS
SM
MD
LG